|

ژیانی مرۆڤ ئه‌وه‌یه كه‌تیایدا ده‌ژی هه‌موو بیروبۆچوون وهه‌وڵ ته‌قالا وكۆششێك به‌لای كه‌سێكی یه‌هودیه‌وه ده‌بێت بۆ ئه‌م دونیایه بێت كه‌تیایدا ده‌ژی
وپ 1/
به‌ناوی خوای به‌خشنده‌و میهره‌بان، زۆر سوپاستان ده‌كه‌م بۆ ئه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه، هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆده‌خوازم له‌گه‌یاندنی په‌یامی وشه‌و له‌گه‌یاندنی حیكمه‌ت وزانست، به‌خوێنه‌رو به‌خوێنه‌وارانی كورد. ئه‌م پرسیاره‌ی جه‌نابت له‌ڕاستیدا چه‌ند پرسیارێكه‌و تێهه‌ڵكێشت كردوون، ئایا عه‌لمانیه‌ت به‌واتای دابڕینی ئاینه له‌ده‌سه‌ڵات؟ پێناسه‌ی جۆراجۆر ده‌كرێت بۆعه‌لمانیه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌من له‌كۆی ئه‌و پێناسانه وه‌رمگرتووه ، عه‌لمانیه‌ت بریتیه له‌و بیروبڕواو تێڕوانینه‌ی كه‌ڕۆڵی ئاین وپیرۆزییه‌كان له‌كایه دونیاییه‌كان جیابكاته‌وه، واته كایه دنیاییه‌كانی سیاسه‌ت وپه‌ره‌وه‌رده‌و ئابوریه‌كان هه‌موو بكات به‌چه‌ند كایه‌یه‌كی ئاسایی دوور له‌بایه‌خه پیرۆزه‌كان، بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ر كارێكی كرد ناوی پیرۆزی لێنه‌نێت، موخاله‌فه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدار به‌واتای موخاله‌فه‌كردنی پیرۆزی نه‌بێت، به‌م مانایه عه‌لمانیه‌ت واتای دابڕینی ئاینه له‌ده‌سه‌ڵات، یانی نایه‌وێت ئاین كه‌بۆخۆی هه‌ڵگری باری پیرۆزی و به‌ها پیرۆزه‌كان‌و بایه‌خه نه‌گۆڕه‌كانه، نایه‌وێت ده‌خاله‌ت بكات له‌كاروباری سیاسی و له‌كاروباری دونیایی خه‌ڵكدا، به‌ڵام له‌ڕاستیدا دابه‌زاندنی ئه‌م پێناسه‌یه به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا جیاجیاكاندا ئه‌نجامی جیاجیای لیده‌كه‌وێته‌وه، چونكه له‌هه‌ندێك شوێندا ئاین ڕۆڵی ڕوخێنه‌ری بینیوه وكۆسپ بووه له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتن وداهێنانی دونیایی خه‌ڵكدا، ته‌نانه‌ت له‌كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا هه‌ندێك خوێندنه‌وه بۆ ئاین كه‌به‌بۆچوونی ئێمه خوێندنه‌وه‌یه‌كی ناته‌واوه بۆ دین خوێندنه‌وه‌یه‌كی خورافیانه‌یه بۆ دین یان خوێندنه‌وه‌یه‌كی په‌ڕگیره له‌دین، دیاره ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه كێشه‌ی بۆكاروباری دونیایی دروست كردووه، ئه‌گه‌ر ئێمه مه‌به‌ستمان له‌دابڕینی ئاین له‌ده‌سه‌ڵات ئه‌و جۆره تێگه‌یشتنانه بێت له‌ئاین ئه‌و خوێندنه خورافیه بێت له‌ئاین ئه‌و خوێندنه‌وه ئه‌فساناویه بێت دیاره كێشه نیه ، عه‌لمانیه‌ت به‌و مانایه كێشه نیه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دایبه‌زێنیت وبیكه‌یت به‌پێوه‌ر به‌سه‌ر هه‌موو دینێكدا واته هه‌موو دینه‌كان وه‌كو یه‌ك سه‌یربكه‌یت ئه‌مه گشاتندنێكی زاڵمانه‌ونه‌گونجاوه. هه‌ر به‌پێی ئه‌وه‌ی كه خۆیشت پرسیارت كردووه خوێندنه‌وه‌ی ئاینی ئیسلام بۆ ژیانی مرۆڤ وه‌ك ده‌قه قورئانیه‌كان وفه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه وسلم ئاماژه‌ی بۆده‌كه‌ن جیاوازه له‌خوێندنه‌وه‌ی ئاینی یه‌هودی و ئاینی مه‌سیحی، سه‌باره‌ت به‌كه‌سێكی یه‌هودی عه‌لمانیه‌ت كارێكی زۆر ئاساییه، چونكه دینه‌كه‌ی بۆخۆی دینێكی عه‌لمانیه . چونكه دینێكه هه‌موو گرنگیه‌كه‌ی هه‌ر به‌و دونیایه كه‌مرۆڤ تیاده‌ژی وه‌به‌و ماوه‌كه‌مه‌ی كه‌مرۆڤ تیاده‌ژی، ته‌نانه‌ت له‌و ته‌وراته‌ی ئێستا له‌به‌ر ده‌ستدایه به‌ڕاشكاوی باسی ڕۆژی دوایی تیانیه ! ، ژیانی مرۆڤ ئه‌وه‌یه كه‌تیایدا ده‌ژی هه‌موو بیروبۆچوون وهه‌وڵ ته‌قالا وكۆششێك به‌لای كه‌سێكی یه‌هودیه‌وه ده‌بێت بۆ ئه‌م دونیایه بێت كه‌تیایدا ده‌ژی، سه‌باره‌ت به‌كه‌سێكی مه‌سیحیش ئه‌وه‌ی خۆی به‌په‌یڕه‌وی عیسای مه‌سیح ده‌زانێت سه‌لامی خوای له‌سه‌ر بێت دینداری ته‌نها ته‌قسێكی تاكه كه‌سییه ، په‌یوه‌ندیه‌كی تاكه كه‌سییه‌و ئاینه‌كه‌یان به‌رنامه‌یه‌كی تێدانیه بۆژیان، به‌رنامه‌یه‌كی تێدانیه بۆ سیاسه‌ت ،بۆبه‌ڕێوه‌بردنی وڵات ، بۆ په‌یوه‌ندیه‌كان، جابۆیه به‌لای كابرایه‌كی یه‌هودی یان كابرایه‌كی مه‌سیحیه‌وه عه‌لمانیه‌ت هیچ كێشه‌یه‌ك دروست ناكات، چونكه خودی ئاینه‌كه‌یان ته‌بایه له‌گه‌ڵا فیكره عه‌لمانیه‌كه، له‌ئاینی یه‌هودیدا ئاینه‌كه بۆخۆی داوای دونیاخوازی ودونیاویستی لێده‌كات، به‌ڵام له‌ئاینی مه‌سیحیدا ئاینه‌كه ئه‌گه‌ر چی داوای دونیاویستی لێناكات به‌ڵام ئه‌گه‌ر دونیاشی ویست پێیان وایه عیسا خۆی كردوه به‌قوربانی ئه‌و خه‌ڵكه ، ئیتر باهه‌ر چیه‌ك ده‌كه‌ن بیكه‌ن، چونكه عه‌قیده‌یان وایه مرۆڤ تاوانیش بكات مادام عیسا له‌خاچ دراوه و بوه به‌قوربانی ئه‌و خه‌ڵكه، ئیتر خوالێیان خۆش ده‌بێت. ئاینی مه‌سیحی به‌و ستراكتۆره‌ی ئێستایان هیچ سیستم وبه‌رنامه‌و یاسایه‌كی بۆ ڕێكخستنی ژیانی كۆمه‌ڵگا چ ڕێكخستنی باری سیاسی باری ئابوری باری په‌روه‌رده‌یی تێدانیه، بۆیه عه‌لمانیه‌ت له بنه‌ڕه‌تدا ده‌رهاویشته‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگا خورئاواییانه‌یه كه‌له‌سه‌رده‌مێكدا ئاین ببوو به‌كۆسپ . چونكه پیاوانی ئاینی هه‌رچه‌نده خۆیان به‌رنامه‌یه‌كی ئاینیان پێنه‌بوو بۆخه‌ڵك، به‌ڵام خۆیان كردبوو به‌ئاغای دونیاودینی ئه‌وخه‌ڵكه و نیزامێكی كه‌هه‌نوتی‌وئه‌كلیرۆسیان بۆ خۆیان دروست كردبوو خۆیان به‌نوێنه‌ری خودا و به‌نوێنه‌ری عیسای مه‌سیح ده‌زانی و ده‌سه‌ڵاتێكی ئێجگار ڕه‌هایان هه‌بوو به‌سه‌ر خه‌ڵكدا .دواجار ئه‌و ئه‌نجامه‌ی لێكه‌وته‌وه كه عه‌لمانیه‌ت دروست بوو ، ڕۆشنگه‌ری دروست بوو شۆڕشێكی وادروست بوو ئاینیان دورخسته‌وه له‌ده‌سه‌ڵات وده‌سه‌ڵاتیان داماڵی له‌ئاین . عه‌لمانیه‌ت له‌سه‌ره‌تاشدا په‌یامێك بوو كه‌سێكی وه‌كو جۆن لۆك كه‌پیاوێكی ئاینی بوو داوای كرد ده‌سه‌ڵات له‌شه‌ڕی نێوان پرۆتستانت وكاسۆلیكدا بێلایه‌ن بێت، بانگه‌وازێك بوو بۆئه‌وه‌ی كه پادشا پادشای هه‌موو لایه‌ك بێت ، بانگه‌وازێك بوو بۆلێبورده‌یی ئایینی له‌هه‌ل ومه‌رجێكی تایبه‌تیدا كه‌شه‌ڕی مه‌زهه‌ب هه‌بوو ، دواییبیرمه‌ندان هاتن گواستیانه‌وه بۆبواری سیاسه‌ت وگوتیان با ئاین نه‌كه‌ین به‌پێوه‌ری ده‌سه‌ڵات و دایماڵین له‌ده‌سه‌ڵات. له‌وڵاتی خۆیشمانا هه‌ركاتێك هه‌ستكرا ئاین كێشه دروستده‌كات واته پیاوه ئاینیه‌كان كێشه دروست ده‌كه‌ن بۆمان هه‌یه بڵێین با پیاوانی ئاینی تێكه‌ڵی ده‌سه‌ڵات نه‌بن (ئه‌م گوزارشه خه‌ته‌ره عه‌لمانیه‌كان ئیستغلالی ده‌كه‌ن ده‌ڵێن هه‌موو جوڵه‌یه‌كی پیاوانی ئاینی تێكدانی لێده‌كه‌وێته‌وه) یان ئه‌گه‌ر هه‌ستمان كرد خوێندنه‌وه‌یه‌كی تاكڕه‌وانه هه‌یه بۆئاین ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نوێنه‌ری ئه‌و مه‌زهه‌به تایبه‌ته بێت ئه‌و كاته داواده‌كه‌ین ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌كێشه فیكریه‌كانی نێوان مه‌زهه‌به‌كان بێلایه‌ن بێت. واته ئێمه ده‌بێت پێناسه‌یه‌كی تازه‌ی بۆ عه‌لمانیه‌ت بكه‌ینه‌وه به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌له‌گه‌ڵ كه‌لتوری خۆمان ده‌گونجێت ، به‌و شێوه‌یه‌ی كه خۆمان لێیتێده‌گه‌ین مۆنتاژی بكه‌ین.
ئێمه هه‌ر له‌ڕووه ئیسلامیه‌كه‌وه پێمان وایه ده‌سه‌ڵات پیرۆز نیه، فه‌رمانڕه‌وا نوێنه‌ری خودا نیه نوێنه‌ری خه‌ڵكه و خه‌ڵك هه‌ڵیده‌بژێرێت و خه‌ڵك ده‌بێت به‌یعه‌تی پێبده‌ن ، واته له‌ڕووی فیكریه‌وه ئێمه ئه‌و كێشه‌یه‌مان نه‌بووه، له‌ڕووی كرده‌ییشه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌مان هه‌بێت ئه‌وكاته دینداره‌كان له‌پێش خه‌ڵكه‌وه داواده‌كه‌ن كه‌ده‌سه‌ڵات پیرۆز نه‌بێت، هیچ كه‌سێك به‌ناوی دینه‌وه هه‌ڵنه‌ستێت وبه‌رنه‌بێته گیانی خه‌ڵك . خوای گه‌وره ده‌فه‌رمووێت (وأمرهم شوری بینم) واته فه‌رمان وده‌سه‌ڵات له‌نێوان موسوڵماناندا به‌ڕاوێژه ، نه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێكیان سه‌رپشك بێت چیده‌كات بیكات. كه‌واته عه‌لمانیه‌ت واته به‌و مانایه‌ی شته پیرۆزه‌كان تێكه‌ڵی شته دونیاییه‌كان نه‌كرێت ئه‌مه كێشه نیه، كارێكی سیاسی كه‌موسوڵمان ده‌یكات كارێكی ئابوری یان هه‌رچالاكیه‌كی تر بێت باموسوڵمانیش بیكات پیرۆز نیه، به‌ڵام به‌و مانایه‌ی كه‌دین ته‌ده‌خول نه‌كات و قسه‌ی له‌سه‌ر پرسه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نه‌بێت ، دینی ئیسلام جیاوازه ، یاساناسه‌كان ده‌ڵێن دینی ئیسلام به‌رنامه‌ی هه‌یه بۆ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ وخودا ، په‌یوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ مرۆڤێكی تر ، په‌یوه‌ندی مرۆڤ له‌گه‌ڵ خۆی، واته ئیسلام هه‌م عیباده‌ته هه‌م موعامه‌لاته هه‌م ئه‌خلاقه هه‌م فیقهه هه‌م عه‌قائیده هه‌م ته‌صه‌وفه وهه‌م سیاسه‌ت، ئیسلام جیاوازه له‌ئاینه‌كانی تر ، غه‌در له‌ئیسلام ده‌كرێت ئه‌گه‌ربه‌راورد بكرێت به‌مه‌سیحیه‌ت یان یه‌هودیه‌ت یان ئاینه‌كانی تر ، چونكه ئیسلام به‌پێی ده‌قه‌كانی خاوه‌نی به‌رزترین و ناوازه‌ترین یاسا و بنه‌مایه بۆ ڕێكخستنی ژیانی مرۆڤ ، له‌ڕوی سیاسیه‌وه ، له‌ڕووی ئابوریه‌وه ، له‌ڕووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه، له هه‌مان كاتدا ده‌سه‌ڵاتێكمان نیه به‌ناوی ده‌سه‌ڵاتی پیاوانی ئاینی، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتێكمان هه‌یه به‌ناوی ده‌سه‌ڵاتی ده‌قه شه‌رعییه‌كان ، ئه‌و ده‌قه هه‌ركه‌سێك په‌یڕه‌وی بكات قسه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌یه، ئه‌و ده‌قه یان ئه‌و بنه‌مایانه كێ په‌یڕه‌وی نه‌كات قسه‌ی ناخوات، كه‌واته به‌رزترین زانای ئاینی ئه‌گه‌ر پابه‌ند نه‌بوو به‌ده‌قه‌وه خه‌ڵك حیساب بۆقسه‌كانی ناكات. كه‌واته سوڵته سوڵته‌ی ده‌قی شه‌رعی و تێگه‌یشتنی كۆڕای ناو كۆمه‌ڵگایه ، ده‌سه‌ڵات ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانی هه‌مووانه نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌ڵه كه‌سێكی تایبه‌ت یان گروپێكی جیاواز كه‌خۆیان به‌نوێنه‌ری خوا بزانن. جاكه‌واته مادام خوێندنه‌وه‌ی ئاینی ئیسلام بۆ مرۆڤ وبۆمرۆڤایه‌تی وبۆجیهان وبۆكومه‌ڵگا بۆ هه‌موو بواره جیاجیاكان خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت وجیاوازه له‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌هودیه‌ت ومه‌سیحیه‌ت ، غه‌دره دووری بخه‌یته‌وه له‌ده‌سه‌ڵات، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی سیاسی خۆی بێت سوود وه‌ربگرێت له‌به‌رنامه‌كانی ئیسلام ، ئه‌ویش به‌ڕوانینێكی سه‌رتاپاگیری فره‌لایه‌ن .
پێویسته ئه‌وه‌ش بڵێین كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نابێت ده‌سه‌ڵاتێكی شیعه‌گه‌رانه بێت دژ به‌سوننه ده‌سه‌ڵاتی سوننه بێت دژ به‌شیعه، ده‌سه‌ڵاتی گه‌لێك دژ به‌گه‌لێكی تر، چونكه ئه‌و پرانسیپه هه‌یه كه‌پێغه‌مبه‌ری خوا (ص) فه‌رمووی خه‌ڵكی یه‌كسانن وه‌كو دانه‌كانی شانه وان (الناس سواسیه كأسنان المشگ)، ئه‌م جا ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ده‌فه‌رمووی ئایا عه‌لمانیه‌ت پێویستیه‌كی گه‌لی كورده؟ به بۆچونی من ده‌بێت بڵێین كورد له‌حاڵی حازردا پێویستی به چ جیهانبینییه‌ك هه‌یه؟ نه‌ك بڵێیت عه‌لمانیه‌ت یان چیتر؟ پێویستی به‌چ جیهانبینه‌یه‌ك هه‌یه؟ جیهانبینی ئیسلامی جیهانبینێك قورئانی به‌و شێوه‌یه‌ی كه هه‌یه به‌وشێوه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی كه‌هه‌یه پێویستیه بۆ گه‌لی كورد، چونكه فێری ده‌كات بزانێت له‌كوێوه هاتووه و بۆ كوێ ده‌چێت؟ ده‌توانێت له‌ڕووی ده‌قه‌كانی شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلامه‌وه سیستمێكی سیاسی بۆ خۆی دابمه‌زرێنێت، كه‌ئه‌و سیستمه دادگه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی تێدا پیاده‌بكرێت مافی مرۆڤی تیا بپارێزرێت، ده‌سه‌ڵاتدار خۆی به‌پیرۆز نه‌زانێت، ده‌سه‌ڵاتدار له‌ژێر چاودێری گه‌لدابێت، یاساكان له‌ڕێی ئه‌نجومه‌نێكی ڕاوێژه‌وه ده‌ربچن ئیتر ده‌توانیت ناوی لێبنێیت په‌رله‌مان، شورا، ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژ، ئه‌نجومه‌نی گه‌ل، یان هه‌رناوێكی تر، ناوگرنگ نیه،. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێین باسی عه‌لمانیه‌ت بكه‌ین بڵێین عه‌لمانیه‌ت پێویستیه‌كه بۆگه‌لی كورد، مانای ئه‌وه‌یه بڵێین ئه‌ی میلله‌تی كورد وه‌رن وازبێنن له‌ئاینه‌كه‌تان ، بائاینه‌كه‌تان ڕۆڵی نه‌بێت له‌ژیانی سیاسیتان له‌ژیانی ئابوریتان له‌په‌روه‌رده‌و فێركردنتان، ئه‌مه غه‌درێكی گه‌وره‌یه له‌ئیسلام، ئه‌مه جه‌هله به‌ئیسلام و جه‌هله به‌گه‌لی كوردیش، چونكه ئه‌م ئیسلامه به‌شێكه له‌شوناسی ئه‌م گه‌لی كورده، وه‌ئه‌م ئیسلامه‌ش ئه‌وه‌نده زه‌عیف ولاواز وبێ‌به‌رنامه‌و بێ‌مه‌نهه‌ج وڕه‌نجوور بێ وزه‌و بێ‌ئیمكانیه‌ت نیه كه‌نه‌توانێت وزه‌و توانا بدات به‌م گه‌له. نزیكترین نمونه بۆ ئێمه توركیایه كه‌پێش هه‌موو گه‌لانی ناوچه هاتن سیستمی عه‌لمانیه‌تیان په‌یڕه‌وكرد، به‌ڵام ئێستا به‌خۆیاندا هاتونه‌ته‌وه بۆیان ده‌ركه‌وتووه ئه‌و عه‌لمانیه‌ته زۆر مه‌ترسی بۆ شوناسیان هه‌یه ، بۆیه ئێستا له‌حاڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌دان .
هیچ دژایه‌تیه‌ك نیه له‌نێوان ئه‌وه‌ی كه‌گه‌لی كورد گه‌لێكی موسوڵمان بێت سه‌ربه ژیاری ئیسلامی بێت ڕۆڵی كارا‌و ئه‌كتیڤی هه‌بێت له‌جیهاندا له‌گه‌ڵ ئه‌وه هیچ دژایه‌تیه‌ك نیه كه‌ئه‌م گه‌له به‌م تایبه‌تمه‌ندێتیه گه‌لێكی سه‌ربه‌خۆ بێت وده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆش دابمه‌زرێنێت، واته مه‌رج نیه كه‌بڵێین عه‌لمانیه‌ت پێویستیه‌كه بۆگه‌لی كورد ئه‌وسا ده‌وڵه‌تێكمان بۆ دروست بكه‌ن وپێشكه‌شمانی بكه‌ن. به‌ڵام عه‌لمانیه‌ت به‌و واتایه‌ی كه‌بڵێین گه‌لی كورد ده‌ربازببێت له‌به‌پیرۆزدانان وبه‌پیرۆز گرتنی ده‌سه‌ڵات ئه‌مه ڕاسته، ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ی عه‌لمانیه‌ت لای ئیسلامیه‌كان قبوڵه .
به‌ڵام ئێستا عه‌لمانیه‌ت له‌سه‌ر ئه‌وه جێگیر بووه كه‌مرۆڤ هه‌موو هه‌وڵ‌و تێكۆشانێكی بخاته‌سه‌ر كاری دونیایی وه‌ئاخیره‌ت وڕۆژی دوایی وقییه‌م ویه‌كتاپه‌رستی وئه‌مانه هه‌موو فه‌رامۆش بكات، به‌و مانایه هه‌رگیز قبوڵمان نیه. واته ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی دروشمی عه‌لمانیه‌تی به‌رزكردۆته‌وه بۆمان مانا بكات لێكدانه‌وه‌ی بۆبكات ، كه مه‌به‌ستی پێ‌ی چییه؟ چونكه ڕه‌نگه چه‌ندین پێناسه هه‌بێت، ئێمه تا له‌پێناسه‌كاندا ڕێكنه‌كه‌وین له‌لێكدانه‌وه‌كاندا ڕێك ناكه‌وین و دواتر له بڕیاردانیشدا ڕێك ناكه‌وین، بۆیه ئه‌گه‌ر عه‌لمانیه‌ت به‌واتای ئه‌وه بێت كه‌تاك حیساب بۆئاینه‌كه‌ی نه‌كات له‌كاروباری ژیانی ڕۆژانه‌دا له‌كاروباری سیاسی‌دا له‌كاروباری ئابوری‌دا له‌په‌روه‌رده‌و بارهێنانی نه‌وه‌كانی دواڕۆژدا حیساب بۆ ئاینه‌كه‌ی نه‌كات، ئه‌وساته ده‌ڵێن چ ئاینێك؟ ئاینی وا هه‌یه بۆخۆی به‌رنامه‌ی پێنیه ، ئه‌وه غه‌دری لێنه‌كراوه، به‌ڵام ئاینێك به‌رنامه‌ی پێبێت و به‌رنامه‌كه‌شی به‌شایه‌تی پسپۆڕانی بواری یاسا‌و ئابوری وپه‌روه‌رده تێروته‌سه‌ل وگونجاو بێت، فه‌رموو ئه‌وه گریمان ته‌سلیم بووین وتمان وه‌رن بابهێنین سیستمێكی عه‌لمانی دابنێین ، چی بكه‌ین؟ ئه‌و كاته ئاین چی لێبكه‌ین ؟ كه‌لتوری ئاینی چی لێبكه‌ین؟ ئه‌خلاقی ئاینی چی لێبكه‌ین؟ فیكر‌و جیهان بینی ئاینی چی لێبكه‌ین؟ راست و چه‌پێكی به‌سه‌ردا بهێنین ؟ ئایا وڵات به‌وه ده‌چێت به‌ڕێوه ؟ ئایا كۆمه‌ڵگا به‌وه په‌روه‌رده ده‌كرێت؟ ئینجا چ زه‌ره‌رێك ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت ئیسلام وه‌كو ئاینیش سه‌یرنه‌كه‌ین وه‌كو كلتورێكی مرۆڤایه‌تی 1400 ساڵه لێی بڕوانین ؟ عه‌لمانیه‌كانی كورد ئایا چوون دیراسه‌یه‌كی كه‌لتوری ئیسلامی وژیاری ئیسلامی بكه‌ن كه‌واده‌ڵێن؟ كێشه‌ی جیهانی ئیسلامی كێشه‌ی كوردستان ئه‌وه‌یه كه‌ئاینه‌كه‌یان ئیسلام بووه؟ یان كێشه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری‌و دورخستنه‌وه‌ی ئیسلام بوه لێی؟ كێشه‌كه له‌كه‌یه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه ؟ ئه‌وه‌چه‌ند ساڵه له كوردستاندا خۆبانگه‌واز بۆعه‌لمانیه‌ت ده‌كرێت حوكمڕانه‌كانمان هه‌موو عه‌لمانین به‌حیساب، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی كه‌ده‌سه‌ڵاتداره‌كان خۆیان به‌پیرۆز ده‌زانن، مێژووه‌كه‌یان هه‌مووی به‌مێژووی پڕله‌شانازی ده‌زانن، خۆیان‌و ده‌سه‌كه‌وتانیان به قه‌ده‌ری ئه‌مڕۆو دوارۆژی ئه‌م گه‌له ده‌زانن، و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆیان به‌موقه‌ده‌س ده‌زانن ، سه‌ركرده‌كانیان به‌موقه‌ده‌س ده‌زانن پلاتفۆرم و مانیفێسته‌كانیان به‌موقه‌ده‌س ده‌زانن، كوا ئیسلامیه‌كان ئاوان ؟ جابۆیه ئه‌گه‌ر عه‌لمانیه‌ت پێویستیه‌كی گه‌لی كورده فه‌رموو باعه‌لمانیه‌كان عه‌لمانی بن به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌باس ده‌كرێت، باكه‌م باسی ڕابردووی پڕله‌شانازی خۆیانمان بۆ بكه‌ن بادان به‌هه‌ڵه‌كانیاندا بنێن بڵێن هه‌ڵه‌مان كردووه. كه‌واته وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ت كورت ده‌كه‌مه‌وه، عه‌لمانیه‌ت به‌مانای دابڕینی ئاین له‌ده‌سه‌ڵات وله‌كایه دونیاییه‌كان پێویسته ورد بكرێته‌وه ئاینه‌كان له‌یه‌كتری جیابكرێته‌وه، ئاینی ئیسلام بۆچونێكی ناوازه‌و تێڕوانینێك‌و جیهانبینێكی تایبه‌تی هه‌یه، ناكرێ وغه‌درێكی گه‌وره‌یه ئه‌گه‌ر دایبڕیت له‌ژیانی خه‌ڵك له‌ژیانی تاكه‌كه‌س له‌ژیانی خێزان، به‌ڵام به‌و مانایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی نه‌بێت به‌گورزێك به‌ده‌ست خه‌ڵكه‌وه منیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام كه‌ئیسلام ببێته ڕۆحی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، بنه‌ما ئه‌خلاقیه‌كان ببێته كه‌لتوری ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، ئامانجه ئیسلامییه‌كان ببێته ئامانجی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، ئیتر كێشه نیه كه‌مامۆستایانی ئاینی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌بن، بائه‌وان ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ده‌ستوری ببینن له‌وڵاتدا، واته به ده‌زگایی كردنی بنه‌مای فه‌رمان به چاكه و ڕێگرتن له خراپه .
عه‌لمانیه‌ت به‌و پێناسه‌یه‌ی كه‌ئێستا جێگیر بوه‌له‌سه‌ری هیچ پێویست نیه بۆگه‌لی كورد، به‌ڵام گه‌لی كورد پێویستی به‌وه هه‌یه بنیاتی تاك وكۆمه‌ڵگاو خێزانی خۆی بكات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی كه بیروباوه‌ڕێكی ڕاسته‌قینه‌یه ، به‌دوور له پیرۆزاندن وته‌ماشاكردنی ئاین وه‌كو كۆمه‌ڵه بنه‌مایه‌كی دۆگماكراو یان كۆمه‌ڵه یاسایه‌ك كه‌موناقه‌شه هه‌ڵنه‌گرێت، ده‌بێت مرۆڤی كورد عاقڵانه‌و ژیرانه مامه‌ڵه‌بكات، دینداری بكات ، دوای به‌ڵگه بكه‌وێت نه‌ك قسه‌وقسه‌ڵۆك ودروشم‌و ناونیشانی گه‌وره.
وپ 2/
ئه‌م پرسیاره‌ش دیاره وه‌ك پرسیاره‌كه‌ی ترت چه‌ند به‌شه پرسیارێكه، واته چه‌ند كۆمه‌ڵه پرسیارێكی له‌خۆگرتووه، دیموكراسیه‌ت ئه‌وسا ئه‌وه‌ی من لێی تێگه‌یشتبم له‌بنه‌ڕه‌تدا شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاته، به‌ڵام كه‌بانگه‌وازت بۆكرد ده‌بێته ئایدۆلۆجیا ، كه‌خه‌ڵكت بۆبانگكرد كه‌كردته پێوه‌ر و ووتت ئه‌م وڵاته دیموكراسیه پێویسته پشتگیری بكرێت یان ئه‌م سیستمه دیموكراسیه پێویسته پشتگیری لێبكرێت یان ئه‌مه‌یان نادیموكراسیه ده‌بێت بگۆڕدرێت ئاله‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌بێته ئایۆلۆجیا، چونكه ئایدۆلۆجیا واته بانگه‌وازو ته‌به‌ننا كردن، خه‌ڵكی ئێمه كه‌ئێٍستا ووشه‌ی ئایدۆلۆجیا به‌كاردێنن له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌ده‌بیاتی ماركسیستدا و ئایدۆلۆجیا به‌شێوه‌یه‌كی ناشیرین ناوزه‌دی ده‌كه‌ن ، له‌حاڵێكدا كه ئایدۆلۆجیا واته بانگه‌وازبۆكردن وته‌به‌ننای فیكره‌یه‌ك كه‌ئه‌مه ڕه‌وایه بۆ هه‌موو كه‌سێك، جاهه‌ركاتێك دیموكراسیه‌ت بوو به‌ئایدۆلۆجیا بوو به‌مه‌زهه‌بێك كه‌ته‌به‌ننای كرد وه‌ره‌فزی غه‌یری ئه‌وی كرد ، ئه‌مه خۆی ده‌بێت به‌دژی دیموكراسیه‌ت، واته ته‌حه‌ولێك له‌دیموكراسیدا ڕووده‌دات وه‌كو ئێستا ئه‌وه‌ی له‌كوردستاندا ئه‌وه‌ی كه‌ئێستا بانگه‌واز بۆ دیموكراسی ده‌كات وه‌به‌حیساب دژی ئایدۆلۆژیاشه بۆخۆی، به‌خۆی نازانێت به‌ناوی دیموكراسیه‌ته‌وه موماره‌سه‌ی سه‌ركوت وله‌ناوبردن وپه‌راویزخستن ده‌كات، بۆیه له‌قۆناغه سروشتییه‌كه‌یدا دیموكراسی شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵات وئاڕاسته‌كردن وبه‌ده‌ستهێنان وئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاته به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه، به‌ڵام كه‌جیهه‌تێك هاتوو به‌كاریهێنا و بانگه‌وازی بۆكرد تائه‌و سنوره‌ش مافی خۆیه‌تی بانگه‌وازی بۆبكات، به‌ڵام كه‌كردی به‌چه‌كێك وخه‌ڵكێكی پێسه‌ركوت كرد ئه‌وكاته ده‌بێته ئایدۆلۆجیایه‌كی سه‌ركوتكه‌ر.
ئایا ده‌كرێت له‌یه‌ك كاتدا سیستمی سیاسی وڵات ئیسلامی دیموكراسی بێت؟ بۆچ ناكرێت ؟ ئه‌گه‌ر وڵاته‌كه وڵاتێكی ئیسلامی بێت واته گه‌له‌كه گه‌لێكی موسوڵمان بێت، دیموكراسیه‌تی ئه‌و وڵاته ده‌بێته دیموكراسیه‌تێكی ئیسلامی، واته له‌و ڕووه‌وه دیموكراسیه كه‌ده‌سه‌ڵات تیا ئاڵوگۆڕده‌كرێت، هه‌ڵبژاردن وچاودێری ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتی تیاپه‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌ڵام كێ‌ئه‌مانه ده‌كات خه‌ڵكێكی موسوڵمان ده‌یكات خۆئه‌و خه‌ڵكه كه سیستمێكی دیموكراسی په‌یڕه‌وده‌كه‌ن له‌وڵاتێكی ئیسلامی‌دا نابێت دژی شه‌رع وعورفی خۆیان بن، نابێت دژی ئاینی خۆیان بن ، وه‌كو ئه‌وه‌ی له ئه‌مه‌ریكادا كه‌دیموكراسیه‌ت هه‌یه ، ئه‌و دیموكراسیه‌ته له‌ناو گه‌لێكی مه‌سیحیدا ئه‌نجام ده‌درێت كه‌واته دیموكراسیه‌ته‌كه ده‌بێته مه‌سیحی، واته زۆرینه‌ی ئه‌ووڵاته پابه‌ندن به‌بیربڕوا وبه‌به‌ها مه‌سیحیه‌كانه‌وه، ئایا بوونی وه‌سفی دیموكراسیه‌ت ڕێگربووه كه وه‌سفێكی مه‌سیحی لێبنرێت ؟ ئه‌گه‌ر له‌وڵاتی خۆیشماندا ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات بكرێت، به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه له‌ڕێگه‌ی سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه له‌مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كاندا پرس به‌گه‌ل بكرێت و گه‌ل چاو‌دێر بێت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆی ، ده‌سه‌ڵات خۆی هه‌ڵیبژێرێت ئه‌وه دیموكراسیه‌ته، به‌ڵام چونكه له‌وڵاتێكی ئیسلامیدایه ده‌بێته ئیسلامی خۆنابێت ئه‌وده‌سه‌ڵاته باله‌ڕێی دیموكراسیه‌تیشه‌وه هاتبێته سه‌رده‌سه‌ڵات نابێت دژ به‌عورف وعاده‌ت ونیزامی ئه‌و خه‌ڵكه بێت، چونكه ئه‌و كۆمه‌ڵگایه بۆخۆی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌رهه‌م دێنێت بۆخۆی ته‌فاعول ده‌كات له‌گه‌ڵا ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خۆیدا، ده‌سه‌ڵات جیا نابێته‌وه له‌گه‌ل ، گه‌لیش جیانابێته‌وه له‌ده‌سه‌ڵات له‌سیستمی دیموكراسیدا، كه‌واته هیچ كۆسپێك نیه له‌سیستمی سیاسی وڵات‌دا كه له‌یه‌ك كاتدا دیموكراسی وئیسلامیش بێت.
ئه‌وته‌فسیره‌ی كه‌بۆ مه‌فهومه فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی دیموكراسیه‌ت كرا، به‌هه‌ڵه مامه‌ڵه كردنی هه‌ندێك نوسه‌ره ئیسلامیه‌كان بوو كه پێش ئه‌وه‌ی ماناكانی دیموكراسیه‌ت وردبكه‌نه‌وه له‌سه‌ریان نووسی، ئه‌مه‌ش وه‌كو كه‌له‌پورێك بۆ خه‌ڵكی ئێٍستا ماوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رنا كاتێك كه‌ده‌وترێت خه‌ڵك خۆی حوكمی خۆی بكات به‌مانای ئه‌وه نیه كه‌خه‌ڵك خۆی بێت به‌ئاره‌زووی خۆی یاسا بۆخۆی دابڕێژێت .
ته‌نانه‌ت له‌وڵاته دیموكراسیه‌كانی ڕۆژئاواشدا كه سیستمی دیموكراسی په‌یڕه‌وده‌كه‌ن خه‌ڵك خۆی یاسا بۆخۆی دانانێن به‌كه‌یفی خۆیان، به‌ڵكو چه‌ند مه‌بادیئێكی جێگیر هه‌یه كه له‌كۆنه‌وه بۆیان ماوه‌ته‌وه .
په‌رله‌مان یاسادابنێت ده‌سته‌یه‌كی یاسادانان یاسا دابڕێژن ، ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه ئیلغای شه‌ریعه‌تی ئیسلامی بكه‌یته‌وه له‌یاسا، شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌بێته سه‌رچاوه‌كه، خۆله‌شه‌ریعه‌تی ئیسلامی‌دا باسی زۆربه‌ی یاسا ئیداریه‌كان نه‌كراوه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ده‌قێكی له‌سه‌رهاتبێت. شه‌ریعه‌تی ئیسلامی سه‌رچاوه‌یه بۆیاسا دانه‌ر ، له‌وڵاتی ئیسلامی‌دا په‌رله‌مان پابه‌نده به‌شه‌ریعه‌ته‌كه‌وه. كه‌واته حوكم هه‌ر هی خوایه، به‌ڵام كێ هه‌ڵده‌سێت به‌هه‌ڵێنجان وبه‌داڕشتنی له‌قاڵبی چه‌ند یاسایه‌كدا كه‌په‌یڕه‌وی بكرێت ؟ ئه‌وه په‌رله‌مانه پێ‌ی هه‌ڵده‌ستێت ، ئه‌ولایه‌نه یاساگوزاره هه‌ڵده‌ستێت به‌وكاره. كه‌واته ده‌بێت ئێمه مه‌سه‌له‌كه وردبكه‌ینه‌وه، له‌و حاڵه‌ته‌شانه‌دا كه‌گه‌ل هه‌ستێت به‌یاسادانان له‌ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه مادام شه‌ریعه‌تی ئیسلامی سه‌رچاوه بێت ، حاكمیه‌ت هه‌ر هی خوایه، گه‌لێك كه‌هه‌ڵده‌ستێت به‌حوكمی خۆی مانای ئه‌وه‌یه خۆی فه‌رمانڕه‌وا بۆ خۆی داده‌نێت و خۆی لای ده‌بات، واته ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بدرێت به‌گه‌ل وموسوڵمانان ، خۆیان ده‌سه‌ڵاتدار بۆخۆیان دابنێن ، ئه‌مه له‌ڕووی شه‌رعیه‌وه هه‌روابووه هه‌رله‌بنه‌ڕه‌تدا هه‌روابووه ، چونكه خوای گه‌وره ده‌فه‌رموێت ( واولی الامر منكم ) .ئێستا لادان هه‌یه، جائێمه‌ئه‌گه‌ر دیموكراسیه‌ت ره‌فز بكه‌ین وه‌كو سیسیتم كه‌واته ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆریه‌كان به‌ئیسلامی بزانین ده‌بێت ئه‌و ڕژێمه سه‌ركوتكه‌رانه به‌ئیسلامی دابنێین ، ده‌بێت ڕژێمی پادشایه‌تی ڕه‌ها كه‌له‌زۆر وڵات‌دا په‌یڕه‌و ده‌كرێت كه‌كه‌س بۆی نیه پرسیاریان لێبكات كه‌س بۆی نیه بیانگۆڕێت ده‌بێت ئه‌وانه به‌ئیسلامی بزانین. ئه‌و بیرۆكه‌یه زه‌ربه‌ی له‌ئیسلامداوه، كه‌باسی ئیسلام ده‌كرێت زۆر خه‌ڵك به‌ناحاڵێتی ئیسلام له‌لایه‌نگری دیكتاتۆری له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. تۆ كه‌له‌وڵاتی ئیسلامی‌دا دژبه‌دیموكراسی بویت به‌شێوه‌ی ئۆتۆماتیك ده‌كه‌ویته سه‌نگه‌ری داكۆكیكردن‌و به‌رگری له‌دیكتاتۆری، كه‌تۆنه‌هێڵیت خه‌ڵك خۆی حوكمی خۆی بكات ، ئه‌ی كێ بیكات؟ ده‌بێت هه‌میشه خه‌لیفه‌یه‌ك یان سوڵتانێك به‌سه‌ر شانیانه‌وه بێت وه‌كو كابووسێك بیانچه‌وسێنێته‌وه، له‌ڕاستیدا ئه‌وه سوڵتانه‌كانن كه دژی دیموكراسی ده‌وه‌ستن له‌م وڵاتانه‌دا وه‌كه‌سانێكیش به‌نیه‌تی باش به‌ڵام به‌نه‌زانی ته‌رویجی پێده‌ده‌ن، ده‌ڵێن : دیموكراسیه‌ت دژ به‌ئیسلامه، چونكه دیموكراسیه‌ت ده‌ڵێت حوكمی گه‌ل ئیسلام ده‌ڵێت حوكمی خوا، ئێ‌خۆ خواش حوكم بكات خۆده‌بێت خه‌ڵكێك بێن ته‌نفیزی بكه‌ن و چاودێربن به‌سه‌ر جێبه‌جێكردنیه‌وه، خۆخوای په‌روه‌ردگار فریشته نانێرێته خواره‌وه بۆئه‌وه‌ی ته‌نفیزی حوكمه‌كانی بكه‌ن. كه‌واته هیچ كێشه‌یه‌ك نیه له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا.
شوورای ئیسلامی له‌گه‌ڵ دیموكراسی ڕاسته‌قینه كێشه‌ی نیه، چونكه ئه‌وانه‌ی له‌وڵاتێكی ئیسلامی‌دا ده‌چنه په‌رله‌مان ئیشیان چیه ؟ له‌په‌رله‌مان ڕاوێژده‌كرێت، ده‌سه‌ڵات مه‌سه‌له‌یه‌ك ده‌خاته به‌رده‌ستیان و ده‌ڵێت ئێوه وه‌كو خه‌ڵكی پسپۆڕ‌و نوێنه‌رانی خه‌ڵك قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌ن بڕیاری له‌سه‌ر بده‌ن به‌رژه‌وه‌ندی له‌چیدایه بائه‌وه بكه‌ین. ئایا دیموكراسیه‌تیش هه‌رئه‌وه نیه؟ دیموكراسی واته به‌ده‌زگاكردنی شورای ئیسلامی، واته له‌ئیسلامدا بنه‌مایه‌ك هه‌یه پێ‌ی ده‌وترێت شورا ئه‌مه كه‌كردت به‌ده‌زگاو له‌حاڵه‌ته به‌رایی وسه‌ره‌تاییه‌كه‌ی تێتپه‌ڕان واته كردت به‌حاڵه‌تێكی مودێرن ئه‌وه پێ‌ی ده‌ڵێن دیموكراسی، كه‌واته دیموكراسیه‌ت دۆخێكی پێشكه‌وتوخوازی شورایه و به‌رجه‌سته‌كردنی شورای ئیسلامیه.
هاوپه‌یمانێتی سیاسی ده‌چێته بابی فیقهی موعامه‌لاتی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك به‌ڵام له‌ڕووه سیاسیه‌كه‌یه‌وه، فیقهی موعامه‌لاتیش بنه‌ماكه‌ی له‌سه‌رئه‌وه‌یه (الامور بمقاصدها) . ئه‌مه قاعیده‌یه‌كی فیقهی هه‌موو كاروباره‌كان به‌پێی نیه‌تی دروست و ئامانجه شه‌رعییه‌كان ده‌پێورێن‌و هه‌ڵده‌سه‌نگێرێن. هه‌رهاوپه‌یمانییه‌ك بۆمه‌به‌ستێكی به‌رزبوو واته خزمه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی لێكه‌وته‌وه ، بۆپاراستنی مه‌به‌ستێك بوو له‌مه‌به‌سته شه‌رعیه‌كان ئه‌وه ڕه‌وایه .
هاوپه‌یمانێتی سیاسی له‌وڵاتدا بۆئه‌وه‌یه كه مه‌ترسیه‌ك هه‌یه پێویسته نه‌مێنێت، قازانجێك هه‌یه پێویسته به‌ده‌ستی بهێنین ، كه‌واته من به‌لامه‌وه سه‌یره كه‌هاوپه‌یمانێتی جێ‌ی پرسیاره !! پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم پێش ئه‌وه‌ی ببێت به‌پێغه‌مبه‌ر وه‌ك تاكێكی هۆشیار و دادویست و دڵسۆز به‌به‌هاكانی دادگه‌ریی به‌شداریی هاوپه‌یمانێتی كردووه ، داوای بوونه پێغه‌مبه‌ریشی هه‌ر هاوپه‌یمانێتی كردووه. هه‌ندێك بایه‌خ‌و ئامانجی گه‌وره هه‌یه له‌ناوهه‌موو مرۆڤایه‌تیدا به‌نرخه، ده‌بن به‌ناونیشانی گه‌وره بۆئه‌وه‌ی موسوڵمان له‌گه‌ڵ غه‌یری خۆیدا بكه‌وننه گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ناو نیشانه گه‌ورانه‌كار وبانگه‌وازبكه‌ن. له‌و ئایه‌تانه‌دا كه‌خوای گه‌وره ده‌ست پێده‌كات به (یا أیها الناس) ئه‌ی خه‌ڵكینه (یاأیها الناس انا خلقناكم من ذكر وانثی وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا) ئه‌مه بانگه‌وازه بۆ ته‌حالوفی سیاسی بۆهاوپه‌یمانێتی سیاسی نه‌ی فه‌رمووه : یاایها الذین آ‌منوا ئه‌ی باوه‌ڕداران فه‌رموویه‌تی : ئه‌ی خه‌ڵكینه ( هه‌مووتان به‌جیاوازی ئاین بیروباوه‌ڕو بۆچونتانه‌وه )ئیوه‌مان دروست كردووه له باوك و دایكێك ، و كردوومانن به‌تیره‌و هۆزو گه‌لی جیاواز بۆئه‌وه‌ی یه‌كتربناسن‌و كاربكه‌ن بۆچاكه . ئه‌وه هاوپه‌یمانێتیه له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئاینیشیان جیاواز بێت، به‌مه‌رجێك دوژمنی ئاین نه‌بێت‌و دوژمنایه‌تی نه‌كات، هه‌موو هاوپه‌یمانییه‌ك له‌چه‌ند خاڵێك پێكدێت كه‌ئه‌و خه‌ڵكه له‌سه‌ری ڕێك ده‌كه‌وون ، هه‌تا ئه‌وخه‌ڵكه پابه‌ند بن پێیه‌وه موسوڵمان بۆی نیه هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش هه‌ڵیانوه‌شانده‌وه موسوڵمان له‌شوێنی خۆیه‌وه بێئاگاداركردنه‌وه‌ی ته‌ره‌فی به‌رامبه‌ری هه‌ڵیناوه‌شێنێته‌وه به‌ڵكو ده‌بێت ئاگاداریان بكات به‌وه‌ی كه‌ئه‌مانیش هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه. كه‌واته موسوڵمانان خاوه‌نی كه‌لتورێكی ئاواگه‌وره‌ن له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتی. له‌سه‌ره‌تای سوره‌تی الروم خوای گه‌وره باسی ڕۆمه‌كان ده‌كات كه‌موسوڵمانان هیچ پێكهاتنێكیشیان له‌گه‌ڵیاندا نه‌بوو، چونكه ئه‌م سوره‌تی رومه له‌قۆناغی مه‌ككه‌دا هاتۆته خواره‌وه له‌وكاته‌دا شه‌ڕێك ڕووده‌دات له‌نێوان فارس‌و رۆمه‌كاندا‌و فارسه‌كان سه‌رده‌كه‌ون، بتپه‌رسته‌كان ده‌كه‌ونه گاڵته‌كردن به‌موسوڵمانه‌كان ده‌ڵێن فارسه‌كان كه‌له‌ئێمه نزیكترن له‌ڕووی ئایدۆلۆژیاوه، سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رۆمه‌كاندا كه‌وه‌ك ئێوه دیندارن. به‌ڵام خوای گه‌وره هه‌ر له‌و كاته‌دا به‌ڵێن ده‌دات به‌موسوڵمانه‌كان كه‌ڕۆمه‌كان دوای چه‌ند ساڵێكی تر به‌سه‌ر فارسه‌كاندا سه‌رده‌كه‌ون، وه‌سه‌ركه‌وتیشن، پاشان ده‌فه‌رموێت موسوڵمانان له‌و ڕۆژه‌دا خۆشحاڵ ده‌بن واته له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌نگاوێك رۆمه‌كان نزیكترن له‌موسوڵمانه‌كان له‌چاو فارسه‌كاندا موسوڵمانان به‌ده‌ست خۆیان نیه خۆشحاڵن. كه‌واته ئێمه كه ده‌ست ده‌كه‌ین به‌پۆلێن كردنی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌خۆمان‌و وڵات‌و كۆمه‌ڵگاكه‌مان ته‌ماشا ده‌كه‌ین خه‌ڵكه‌كان له‌یه‌ك ئاستدا نین له ڕاده‌ی نزیكییان له‌ئێمه‌وه ، هه‌ندێكیان دورترو هه‌ندێك نزیكترن‌و هاوپه‌یمانییه سیاسییه‌كه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه دروست ده‌بێت، ئینجا ئه‌م هاوپه‌یمانییه سیاسیه ده‌كه‌وێته فیقهی ئیجتهادیه‌وه كه‌سێك بۆی هه‌یه ئه‌و هاوپه‌یمانییه به‌باش نه‌زانێت ، ئه‌مه ڕه‌وایه چونكه كه‌لێت پرسی بۆچی پێتده‌ڵێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م زه‌ره‌رانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه، یه‌كێكی تر به‌باشی ده‌زانیت ده‌ڵێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م قازانجانه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه كه‌واته مه‌سه‌له‌كه مه‌سه‌له‌یه‌كی ئیجتهادیه وبۆی هه‌یه خیلافی له‌سه‌ر دروست ببێت وه‌ئیجماعی قه‌تعی نیه .
وپ 3/
بێ‌گومان ئێمه ده‌بێت ئه‌م پرسیارانه له‌گریمانه‌یه‌كدا دابنێین، ئه‌گه‌ر ئیسلامییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستورێكی موده‌ووه‌ن هاتنه‌سه‌ر حوكم واته به‌پێی بنه‌مایه‌كی ده‌ستووری دیاری كرا‌و هاتنه‌سه‌ر حوكم ، ده‌بێت ئیسلامیه‌كان بۆخۆیان موله‌تزیم بن به‌و كایه سیاسییه‌ی كه‌له‌و ده‌ستوره‌وه دروست ده‌بێت، بۆنموونه له‌هه‌لومه‌رجی سیاسی ئیستای كوردستان چه‌ند حیزبێكی فره‌ڕه‌نگ و به‌بیروبۆچونی جیاواز ڕكابه‌ری یه‌كتری ده‌كه‌ن بۆچونه‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات، ئیسلامیه‌كان كه‌چونه‌سه‌ر حوكم بۆیان نیه دوایی بازبده‌ن به‌سه‌ر ئه‌و واقیعه‌دا ، به‌شێوه‌یه‌ك ئیتر ڕێگه‌نه‌ده‌ن به‌ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات، ته‌نها له‌كاتێكدا ده‌توانن بازبده‌ن به‌سه‌ر ئه‌و ده‌ستوره‌دا كه‌خۆیان كۆمه‌ڵێك كه‌سی كۆده‌تاچی بن‌و په‌یمانشكێنیان كردبێت له‌گه‌ڵ غه‌یری خۆیان وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌له‌هه‌ندێك شوێندا كۆده‌تایه‌كی سه‌ربازی ڕووده‌دات وه‌كو له‌سودان كۆده‌تایه‌كی سه‌ربازی ڕویدا كه‌سێك هاته‌سه‌ر حوكم بۆخۆی ده‌ستورو یاسایدانا و كایه‌یه‌كی سیاسی دروست كرد ئه‌مه خزمه‌ت به‌ئیسلام ناكات چونكه ئامانجی ئیسلام ته‌نها ده‌سه‌ڵات نیه، به‌ڵكو ئامانجی ئیسلام گۆڕینی تاكێكی مرۆڤه له‌كه‌سێكی ئاره‌زووپه‌رسته‌وه دونیا ویسته‌وه بۆكه‌سێكی خواپه‌رست، یه‌كێك له‌ئامڕازه‌كان بۆگه‌یشتن به‌م ئامانجه به‌ده‌سه‌تهێنانی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیه كه‌كه‌ش‌و هه‌وایه‌كی وافه‌راهه‌م بهێنێت كه‌ئه‌وكه‌سه تووشی فیتنه نه‌بێت له‌دینداریدا، جابۆیه له‌گه‌ڵا بونی ده‌ستور ئه‌و ده‌ستوره ئه‌گه‌ر ڕێز له‌ئیسلام‌و یاساكانی بگرێت زۆرینه‌ی خه‌ڵك موسوڵمان بن ئیسلامیه‌كان ئه‌گه‌ر بچنه‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات ده‌بێت پابه‌ندبن به‌و ده‌ستوره‌وه‌و وه‌فاداربن به‌رامبه‌ر به‌وخه‌ڵكه و نه‌بن به‌دیكتاتۆر به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه. ده‌بێت ڕێگه به‌هه‌موو كه‌سێك بده‌ن بێته‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات كه‌هه‌ڵبژاردنی برده‌وه جگه‌له‌و كه‌سه‌ی دژایه‌تی دین ده‌كات ئه‌وكه‌سه‌ی به‌ڕاشكاوی دوژمنی ئیسلامه چونكه له‌ده‌ستوری ئه‌و وڵاته‌دا دانراوه ده‌بێت ئیسلام پارێزراو بێت كه‌واته كه‌سێك كه‌هاته‌ناو كایه سیاسیه‌كه‌وه ده‌بێت ڕێزله‌وه بگرێت كه‌ئیسلام ئاینی ڕه‌سمی ئه‌و وڵاته‌یه وه‌بیروباوه‌ڕو چوارچێوه‌ی پیرۆزی ئه‌وخه‌ڵكه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی وڵات كه‌وته ده‌ست ئیسلامییه‌كان‌و كه‌سێك هات ویستی حیزبێكی سیاسی دروست ده‌كات پێویسته سه‌یری به‌رنامه‌ی ئه‌و حیزبه‌بكرێت تابزانرێت ڕێگه‌ده‌درێت به‌دروستكردنی ئه‌و حیزبه؟ كه‌واته به‌شێوازی ده‌ستور مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا هێزو دسه‌ڵاته نه‌یاره‌كان ده‌كرێت، ده‌بێت به‌شێوازی ده‌ستوریی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵا ئۆپۆزسیۆن‌و ئایدۆلۆژیایه‌كی جیاوازبكرێت، نه‌ك به‌شێوه‌ی سه‌ركوتكه‌رانه، چونكه ئێمه ده‌قێكی موحكه‌ممان هه‌یه (لااكراه فی ا‌لدین) واته به‌زۆربۆت نیه بیروباوه‌ڕ به‌سه‌ر خه‌ڵك بسه‌پێنێت، هه‌روه‌ها خوای گه‌وره به‌پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ده‌فه‌رموێت (أفأنت تكره الناس حتی یكونوا مؤمنین) ئه‌وه‌ی تۆی به‌زۆر ده‌ته‌وێت خه‌ڵك بكه‌یته باوه‌ڕدار؟ جاكه‌واته له‌گه‌ڵ كه‌رامه‌تی مرۆڤ یه‌كناگرێته‌وه بچیته‌سه‌ر حوكم به‌پێی ده‌ستورێك كه‌ئه‌و ده‌ستوره تۆی گه‌یاندۆته‌سه‌ر حوكم دوایی ئه‌و ده‌ستوره بخه‌یته پشتگوێ، بۆت هه‌یه ده‌ستوره‌كه هه‌مواربكه‌یت به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی ڕای خه‌ڵكه‌وه نه‌ك به‌بڕیاری خۆت، چونكه ئه‌وكه‌سه‌ی كه‌وتی من له‌باتی ئێوه بیرده‌كه‌مه‌وه (ماأریكم الا ماأری) ئه‌وه شیعاری فیرعه‌ون بووه‌و له‌مێژوودا دیار‌و ئاشكرایه، جاهه‌ركه‌سێك به‌و شێوه‌یه بیربكاته به‌فیرعه‌ونی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌زانرێت. هه‌رهێزوقه‌واره‌یه‌كی سیاسی كه‌دژایه‌تی ئیسلام ده‌كات ده‌ستور بڕیاری ده‌رباره‌ده‌دات نه‌ك نه‌ده‌سه‌ڵاتدار بۆنمونه كۆمپیوته‌رێك هه‌یه به‌به‌رنامه‌یه‌كی دیاری كرا‌و كارده‌كات ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی تری بده‌یتێ بێ‌گومان كارناكات، ئه‌و ده‌ستوره له‌وڵاتدا ده‌بێته به‌رنامه‌ی كۆمپیوته‌ره‌كه وڵاته‌كه‌ش ده‌بێته كۆمپیوته‌ره‌كه كه‌سێك به‌ئایدۆلۆژیایه‌ك بێت‌و بخرێته‌سه‌ر كۆمپیوته‌ره‌كه ئه‌وكاته خه‌تای ده‌سه‌ڵات نیه كه‌ڕێگه‌ی پێنادات به‌ڵكو ده‌ستوره كه‌ڕێگه‌ی پێنادات. هه‌ره‌وه‌ها ده‌بێت موسوڵمانان باوه‌ڕیان به‌ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات هه‌بێت ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ عه‌لمانیه‌كیشدا به‌ڵام به‌مه‌رجێك عه‌لمانیه‌كه دوژمنی دین نه‌بێت ، كه‌سێك بێت ڕیز له‌ده‌ستوری وڵاته‌كه بگرێت ، كه‌واته ئیسلامییه‌كان قسه‌یان له‌سه‌ر دژایه‌تی سه‌وابیتی دین هه‌یه، هه‌ركه‌سێك بۆی هه‌یه ڕه‌خنه‌بگرێت بڵێت ڕه‌ئیه‌ی ئه‌م زانایه‌م پێ‌باش نیه ئه‌وڕه‌ئیه‌ی تری ئه‌و زانایه‌م پێباشه. له‌سه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عومه‌ری كوڕی خه‌تتابدا كه‌سه‌رده‌می زێڕینی خه‌لافه‌تی ئیسلامیه، یاسای نوسراوی وه‌زاره‌ته‌كان كه‌ئه‌وكاته پێ‌ی وتراوه ده‌واوین به‌زمانی فارسی یان ڕۆمی بوه، دراوی فارس و رۆمه‌كانیان به‌كارهێناوه تاسه‌رده‌می خه‌لافه‌تی عه‌بدولمه‌لیكی كوڕی مه‌ڕوان ، دوایی كراوه به‌عه‌ره‌بی، یه‌كێك له‌چاكییه‌كانی ئیسلام ئه‌وه‌یه سیستمێكی تایبه‌تی دانه‌ناوه بۆ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی، به‌ڵكو بنه‌مای گشتی داناوه بۆكاروباری ده‌سه‌ڵات. له هه‌مان كاتدا نابێت ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت كه‌ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ی تازه له‌لایه‌ن كه‌سانی شایسته‌وه بۆ شێوازه‌كانی ده‌سه‌ڵات حوكمداری ئیسلامی جارێكی‌تر بكرێته‌وه. له لایه‌ن كه‌سانی موجته‌هیده‌وه ، نه‌ك هه‌ر كه‌سێك دوو وشه‌ی زانی و دووفه‌توای له‌به‌ر كرد ، دیاره ئه‌ومه‌رجانه‌ش كه زانایانی اصولی فیقه دایان ناوه بۆپله‌ی موجته‌هید وه‌ك ئه‌و مه‌رجانه وان ، كه‌زانكۆ ڕه‌سه‌نه‌كان دایانناوه بۆ پێدانی پله‌ی دكتۆرا، هه‌ندێك زانكۆ هه‌یه زۆر به‌ئاسانی دكتورا ده‌دات ئه‌وه‌دكتۆراكه‌ی نرخی نیه، هه‌ندێك زانكۆی تر ئه‌و خوێندكاره به‌چه‌ند فیلته‌ردا خوێندكاره‌ده‌بات كه‌ئه‌مه مانای به‌هێزی و به‌به‌پێزی شه‌هاده‌كه‌یه بۆیه له‌كه‌لتووری اصوولییه‌كاندا ، ئه‌وكه‌سه‌ی ده‌بێته موجته‌هید به‌راستی موجته‌هیده، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بشزانین بزاڤی ئیجتیهاد بزاڤێكی به‌رده‌وامه ده‌رگاكه‌شی ئاوه‌ڵایه بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی مه‌رجه‌كانی تێدابێت ، ده‌رگایه‌كه خوا كردویه‌تیه‌وه‌و كه‌س ناتوانێت دایبخات، وه‌مه‌رجه‌كاتی ته‌عجیزی نیه‌و ئێستا گونجاوتره له‌جاران.
بۆئازادیه‌كانی تاك‌وكۆمه‌ڵگا ئێمه سێ گرنتیمان هه‌یه، یه‌كه‌م: یاسایی، دوهه‌م: سیاسی، سێ: ئه‌خلاقی. گرێنتی یاسایی واته ئه‌و ده‌ستوره‌ی ماف‌و ئازادیه‌كان بۆخه‌ڵك دابین ده‌كات، گرنتی سیاسی بریتیه له‌و پابه‌ندیه‌ی كه‌ده‌سه‌ڵات هه‌یه‌تی ، هه‌روه‌ها ئه‌وپشتگیریه‌ی كه‌زانایان ده‌یكه‌ن له‌ئیختیلاف وه‌ك مافێكی سروشتی له‌نێوان خه‌ڵكدا، گرنتی ئه‌خلاقیش بریتیه له‌و عه‌قیده‌و باوه‌ڕه‌ی له‌ناخی مرۆڤدا هه‌یه، كه‌ئه‌مه باشترین گرنتیه بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ كارێك نه‌كات كێشه بنێته‌وه بۆكۆمه‌ڵگاكه‌ی خۆی. په‌یوه‌ندیه‌كانی تاك وكۆمه‌ڵگا ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی وتمان ده‌ستورێك هه‌بێت، ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ده‌ستوره ئاڵوگۆڕبكرێت، ڕێگه‌بدرێت به‌فره‌ده‌نگی‌و فره‌ڕه‌نگی ، ئه‌وسا كۆمه‌ڵگاو ده‌وڵه‌ت هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌نێواندا نابێت، چونكه ئه‌وكاته ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌بێته ڕێنیشانده‌ری خواست‌و ویست‌و ئاره‌زوه‌كانی ئه‌وكۆمه‌ڵگایه، كۆمه‌ڵگا بۆخۆشی ده‌توانێت ئه‌وده‌سه‌ڵاته نوێبكاته‌وه وه‌چاره‌سه‌ری گرفته‌كانی ده‌سه‌ڵات بكات له‌ڕێگه‌ی دام‌وده‌زگاكانیه‌وه.
وپ 4:
من واده‌زانم ئیسلامیه‌كان باش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م چه‌مكانه كردووه، نائیسلامیه‌كان خراپ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵا كردووه، بۆنمونه بڕۆیت له‌نائیسلامیه‌ك بپرسی ڕوناكبیر كێیه؟ هه‌میشه واپێناسه‌ی بكات كه‌ئیسلامی نه‌گیرێته‌وه، یان پێشكه‌وتوخواز كێیه ؟ ئیسلامی به‌پێشكه‌وتوخواز نازانێت، وه‌دیموكراسی كێیه؟ ئیسلام به‌دژی دیموكراسی ده‌زانێت. یان كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌میشه به‌وه راڤه‌ده‌كات كه‌ئه‌و ناوه‌ندو ڕێكخراوانه ده‌گرێته‌وه كه‌په‌یوه‌ندییان به‌ئاینه‌وه نیه. ئه‌وان هاتوون بواری ئه‌م چه‌مكانه‌یان ته‌سككردۆته‌وه. ئه‌گه‌رنا رۆشنبیرانی ئیسلامیی كوردستان هه‌رگیز ڕۆژێك له‌ڕۆژان نه‌هاتوون بڵێن ته‌نها ئێمه ڕۆشنبیرو پێشكه‌وتوخواز ودیموكراتین، كه‌واته ئه‌م پاوانخوازیه له‌نائیسلامیه‌كانه‌وه ده‌ستی پێكراوه ، سته‌مێكی زۆر كراوه له‌ئیسلامیه‌كان له‌م بواره‌دا. خۆئه‌گه‌ر ئیمه بێینه‌سه‌ر ڕاڤه‌ی ئه‌و گوزارشانه زۆركه‌س ناگرێته‌وه باخۆی كردبێتی به‌دروشمی خۆی. زۆر له‌وانه‌ی پێ‌ی ده‌وترێت رۆشنبیر پێشكه‌وتوخواز دیموكراسی، هه‌رگیز هه‌ڵگری نێوه‌ڕۆكی ئه‌م ناوانه نین. به‌ڵێ له‌ناو ئیسلامیه‌كانیشدا كه‌سانێك هه‌ن به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌پێویسته هه‌ڵنه‌ستاون به‌ئه‌ركی سه‌رشانی خۆیان، هه‌وڵیان نه‌داوه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی حاڵه‌تی ڕوناكبیری پێشكه‌وتوخوازی و دوربوون له‌خۆنوێكردنه‌وه‌و له‌تازه‌گه‌ری وده‌رگاو په‌نجه‌ره‌كانیان له‌سه‌رخۆیان داخستووه، له‌حاڵێكدا كه‌ئێمه له‌مێژووی ئیسلامی كۆن‌و نوێ‌دا زانا‌و ڕوناكبیره راسته‌قینه‌كان كه به‌مانای وشه‌كه ڕوناكبیر بوون شاره‌زای زانسته‌كانی سه‌رده‌می خۆیان بوون، ابن حزم ئه‌و فه‌قیهه زاهیریه زۆر به‌ڕێزو حورمه‌ته‌وه باسی زانستی ئه‌وائیل ( علوم الاوائل ) ده‌كات، باسی زانسته‌كانی سه‌رده‌می خۆی ده‌كات، باسی مه‌نتیق‌و فه‌لسه‌فه‌و موسیقاو ئه‌ده‌ب‌و شیعر‌و ئه‌وانه‌ده‌كات، زاناكانمان مه‌ولوودی زه‌مانی خۆیان بوون هه‌ركامیان هه‌وڵیداوه شاره‌زای زانسته‌كانی سه‌رده‌می خۆی بێت زمانه‌كانی سه‌رده‌می خۆی زانیوه له‌فارابیه‌وه بیگره تا ئه‌بوو عه‌لی سینا ، ئیمامی غه‌زالی تا ئه‌بو ریحانی بیروونی سه‌ییدجه‌ماله‌دینی ئه‌فغانی تاموحه‌ممه‌د عه‌بده، دوای ئه‌مانیش تائه‌مانه‌ی ئیستا، ئه‌مانه هیچكامیان كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ بیری ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤایه‌تی نه‌بووه، له‌گه‌ڵ زانست‌و داهێنانه‌كانی سه‌رده‌م نه‌بووه له‌گه‌ڵا ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات‌و شێوازی دیموكراسی نه‌بووه، كێشه‌یان له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی نه‌بووه. هه‌موو ئه‌م ڕێكخراوانه‌ی له‌ئیسلامدا له‌ژێر سایه‌ی ناونیشانی ئه‌مر به‌چاكه‌و به‌رگری له‌خراپه جێیان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام بۆچی ئیسلامیه‌كان و رۆشنبیرانی شه‌قامی ئیسلامی به‌ده‌ر له‌و چه‌مكانه هه‌ژمارده‌كرێن؟ ئه‌وه خه‌تاكه هی میدیای ده‌سه‌ڵاته‌و ئه‌و هه‌ژموونه ئیعلامییه‌ی كه‌به‌ده‌ست نائیسلامیه‌وه‌یه‌و سته‌م له‌وجیهانه ئیسلامییه ده‌كات، خه‌تای كابرای موسڵمان چیه كه‌سێك له‌دانیماركه‌وه دێت فیلمێكی درۆئامێز به‌ناوی فیتنه‌وه بڵاوده‌كات له‌سه‌ر ئیسلام، خه‌تای پێغه‌مبه‌ری ئیسلام چیه كه‌كاریكاتۆریستێكی دانیماركی دێت سوكایه‌تی پێده‌كات. خه‌تای رۆژچیه كه‌شه‌مشه‌مه كوێره نایبینێت، وه‌كو چۆن سوفستاییه‌كان له‌یونان ده‌هاتن دژ به‌فه‌لسه‌فه ده‌دوان‌و خۆیان كردبوو به‌حه‌كیم ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌بله‌بان‌و قسه‌زان بوون، ئه‌گینا به‌دوای حه‌قیقه‌تدا نه‌ده‌گه‌ڕان، دوای ئه‌وه سوقرات هات وتی ئێوه نه‌ك حه‌كیم نین به‌ڵكو حیكمه‌تتان شێواندووه، ومنیش هه‌ر چه‌ندحه‌كیم نین به‌ڵام دۆستی حیكمه‌تم. جاكه‌وابوو خه‌تای ئیسلام‌و موسوڵمانان نیه، به‌ڵكو خه‌تای شێواندنی چه‌مكه‌كانه، ئه‌وه‌نائیسلامیه‌كانن هاتوون ڕۆشنبیریان كردووه به وه‌سفێك بۆخۆیان، كه‌چی كه‌باسی ڕوناكبیری ده‌كرێت ته‌ماشا ده‌كه‌یت ئیسلامیه‌كان له‌زانكۆكاندا نمره‌كانیان زیاترێكه له‌خه‌ڵكیتر، ده‌كه‌سی یه‌كه‌می زۆربه‌ی زانكۆكان كه‌سانی ئایندارو مولته‌زیمن وه‌خۆشیانی پێوه‌نانوێنن. بێ‌گومان كه‌سێك ئه‌گه‌ر ڕقی له‌ئیسلامی بێت هه‌رگیز نایه‌ت وه‌سفی بكات به‌رۆشنبیر به‌پێشكه‌وتوخواز به‌پێشكوتوو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر فه‌یله‌سوفیش بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ئه‌هلی ئینساف بێت له‌ناو نائیسلامیه‌كاندا كه‌به‌ڕاستی ڕۆشنبیرن هه‌رگیز نایه‌ن ئه‌وچه‌مكه تایبه‌ت بكه‌ن به‌خۆیانه‌وه. پرۆژه‌ی روناكبیری‌و پێشكه‌وتوخوازی بۆ ئیسلامیه‌كان ئه‌وه‌یه ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌رده‌می خۆی كارلێك بكات‌و جێنه‌مێنێت ، له‌زمانی سه‌رده‌م تێبگات و داونه‌كه‌وێت له‌زانسته‌كانی سه‌رده‌م شاره‌زابێت په‌یوه‌ندی به‌جیهانی ده‌ره‌وه هه‌بێت، دواترین به‌رهه‌م‌و ده‌ستاوه‌ردی زانستی نوێ به‌ده‌ستبێنێت، هه‌موو ژیانی ته‌رخان بكات بۆ زانست‌و خوێنده‌واری، له‌گه‌ڵ بیستنی هه‌موو قسه‌یه‌ك عه‌قڵی به‌راوردكاری هه‌بێت، هیچ شتێك به‌بێ‌به‌ڵگه وه‌رنه‌گرێت شوێن تاكه‌كه‌س نه‌كه‌وێت، به‌ڵكو دوای فیكر بكه‌وێت، هه‌روه‌ها ڕوانینێكی ڕه‌خنه‌یی هه‌بێت بۆ خۆی بۆ مێژوو بۆ ده‌وروبه‌ر، دیاره ئه‌مه‌ش كاری تاكه‌كه‌س نیه به‌ڵكو به‌دانیشتن‌و ڕاوێژی ناوه‌ند وڕێكخراو وحیزب‌و ماموستا ئاینییه‌كان ده‌كرێت.
ئه‌و نامۆبوونه به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌كارلێكنه‌كردنه‌وه هه‌یه له‌گه‌ڵ سه‌رده‌م واقیعدا. ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت جۆرێك له‌به‌هه‌ڵه‌چوون هه‌یه پێ‌ی ده‌وترێت به‌هه‌ڵه‌داچوونی وشه، واته بۆئه‌وه‌ی ڕێگه له‌به‌رده‌می كه‌سێك بگیرێت ده‌كه‌ونه قسه پێكردن وناوناتۆره لێنان ناوزڕاندنی. له‌سه‌رده‌می شێخ مه‌حمود كه‌سانێك باوه‌ڕیان به‌شێخ مه‌حمد نه‌بوو ناویان له‌خۆیان نابوو منه‌ووه‌ر واته ڕوناكبیری ئه‌و سه‌رده‌مه، به‌مامۆستائاینیه‌كانیان ده‌گووت تاریك بیر، كێشه‌كه له‌وه‌دا بوو ڕۆژێك نه‌ده‌هاتن به‌یه‌كه‌وه دابنیشن تاله‌یه‌كتری حالی بن كه‌ته‌نها ئه‌م منه‌ووه‌ر نیه وه‌ئه‌ویش تاریك بیرنیه. چونكه دووكه‌س ئه‌گه‌ر یه‌كیان تاریك بیر‌و ئه‌ودی پێشكه‌وتوو بێت به‌یه‌كه‌وه بژین‌و له‌نێوانیان لێبورده‌یی هه‌بێت وله‌یه‌كتر تێبگه‌ن، تاریك بیره‌كه‌ش تۆزێك به‌نوری ڕوناكبیره‌كه ڕوناك ده‌بێته‌وه. كه‌واته فه‌ره‌زه‌ن ئه‌گه‌ر موسوڵمان تاریك بیریش بیت ( كه‌وانیه ) ، ئه‌ی بۆچی ڕوناكبیره‌كان تۆزێك نزیك ببنه‌وه ئه‌مانیش سودمه‌ندبن؟ ئه‌و به‌هه‌ڵه‌دابردنه چیه كه‌خستویانه‌ته ڕێ؟
وپ 5/
ئه‌مه باسكردنی ئه‌و جیاوازیه‌یه كه‌له‌نێوان تیۆر‌و پراكتیزه‌كردنی هه‌ر بیروبۆچونێك هه‌یه، ئه‌وه‌ی له‌خولیا‌و له‌كتێبدا هه‌یه، جیاوازه له‌وه‌ی كه‌له‌واقیعدا هه‌یه. ده‌بێنیت تۆ له‌زیهندا جۆره‌ها پێناسه‌ت هه‌یه بۆ بازنه بۆ سێگۆشه بۆهێڵ، به‌ڵام له‌واقیعدا هیچ كام له‌بازنه‌و سێگۆشه‌و ڕاسته‌هێڵ بوونی نیه، جیهانی زیهن‌و عه‌قڵ جیهانێكی زۆر میسالی و ئایدیالیه، دونیای واقیع جیاوازیه‌كی هه‌ر هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌خه‌یاڵدا هه‌یه. وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌كتێبدا هه‌یه سه‌باره‌ت به‌دیموكراسیه‌ت جیهانێكی زۆر ئه‌رخه‌وانی‌و پرته‌قاڵی‌و سه‌رنج ڕاكێشه، ئه‌وه‌ی له‌واقیعدا هه‌یه قه‌ت ئه‌و دیموكراسیه نیه كه‌له‌كتێبه‌كاندا هه‌یه. ئێمه هه‌میشه واته‌سه‌ور ده‌كه‌ین كه‌ده‌ڵێن ئه‌و وڵاته دیموكراسیه، ئیتر ده‌بێت كێشه‌ی تیانه‌بێت، هه‌ركه‌كێشه‌یه‌كمان بینی ئیتر ئه‌و دیموكراتیه ره‌تده‌كه‌ینه‌وه. كه‌ده‌ڵێین ئه‌و سیستمه ئیسلامیه ئیتر واته‌سه‌ور ده‌كه‌ین كه ئه‌و سیستمه نابێت هه‌ڵه‌و گومان و تاوانی تێدابێت، كه‌شتێكمان بینی خێرا په‌شیمان ده‌بینه‌وه له‌و به‌ئیسلامی هه‌ژماركردنه. ئه‌مه مامه‌ڵه‌یه‌كی ناته‌ندروسته بۆ سروشتی شته‌كان به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌یی. نابێت ئه‌وه‌نده ڕه‌ش بین بین بڵێین دیموكراسیه‌ت بوونی نیه، دیموكراسیه‌ت ڕووی جیوازی هه‌یه، له‌هه‌ندێك ڕوودا خۆی ده‌نوێنێت، له‌ئه‌مه‌ریكا ڕووه‌كه‌ی به‌وه ده‌رده‌كه‌وێ كابرایه‌كی ڕه‌ش پێست بۆیه‌كه‌م جار دێته سه‌ركورسی سه‌رۆكی وڵات، ئه‌وه ڕویه‌كی خۆنواندنی ئه‌و دیموكراتیه‌یه، به‌ڵام له‌وانه‌یه له‌هه‌ندێك ڕووه‌وه دیموكراسیه‌ت نادیاربێت‌و خۆی نه‌نوێنێت. كه‌باسی سیستمی ئیسلامی ده‌كرێت خۆی نواندوه له‌مێژوودا له‌ڕه‌فتاره‌كانی عومه‌ری كوڕی خه‌تتابدا، له‌ره‌فتاری عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالیب له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا، خه‌واریجه‌كان هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كرد به‌كوشتن، كه‌چی ئه‌و پێیده‌گوتن بۆتان هه‌یه له‌مزگه‌وتدا قسه‌بكه‌ن ئێمه ناتوانین شه‌ڕتان پێبفرۆشین تائێوه‌شه‌ڕمان پێنه‌فرۆشن، ناتوانین ده‌ستكه‌وته‌كانتان لێ زه‌وت بكه‌ین یان مزگه‌وتتان لێقه‌ده‌غه بكه‌ین. یه‌كێك هه‌ڕه‌شه‌ی كرد له‌عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب، ئه‌بولوئلوئه‌ی مه‌جوسی بوو وتی ده‌بێت ئاشێكت بۆبنێمه‌وه دونیا باسی بكات ، عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب وتی ئه‌وه هه‌ڕه‌شه‌م لێده‌كات به‌ڵام نه‌چوو بیگرێت، چونكه پێش تاوان ئه‌نجامدان كه‌س ناتوانێت تۆڵه له‌یه‌كێك بسه‌نێته‌وه. ئه‌وه ئاینه‌و خۆی نواندووه، له‌مێژووی ئیسلامی‌دا نمونه‌مان زۆره بۆئه‌وه‌ی عه‌داله‌ت‌و ئینساف خۆی نواندبێت، له‌سه‌رده‌می عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب، عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز، سه‌لاحه‌ددینی ئه‌ییوبی ، سوڵتان محه‌مه‌دی فاتیح. هه‌موو گه‌لێك چه‌ند میرنشینێكی خۆی هه‌بووه ته‌نها به‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌مزی ڕه‌سمی به‌ستراوه‌ته‌وه به‌سوڵتان‌و خه‌لیفه‌كانه‌وه. سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی كوردبووه به‌ڵام بوه به‌سوڵتان، عیماده‌دینی زه‌نكی توركمان بووه ئه‌ویش بۆته سوڵتان، ئه‌مانه خۆنواندنی ئیسلامه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێیت جیاوازی هه‌یه له‌گه‌ڵ تیۆردا به‌ڵێ هه‌یه‌تی .
بۆتێپه‌ڕاندنی مێژوو ئێمه زانستێكمان هه‌یه پێ‌ی ده‌ڵێن مێژوو واته نوسینه‌وه‌و زانینی موفاره‌قه مێژوویه‌كان و ئه‌و په‌یوه‌ندیه هۆكارییه‌ی له‌نێوان ڕوداوه‌كان هه‌یه، چ روداوێك به‌هۆی ئه‌ویتره‌وه ڕویدا كامیان په‌یوه‌ندیان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه. ئه‌م زانسته ڕاستییه‌كان ئاشكرا ده‌كات. ئێمه تێگه‌یشتووین له‌كه‌لتوری ئیسلامی كه مێژووی ئیسلامی مێژووی كۆمه‌ڵێك مرۆڤه، نه‌ك كۆمه‌ڵێك فریشته یان شه‌یتان، واته هه‌موو لاپه‌ره‌كانی ئه‌م مێژووه پرشنگدارنین و هه‌مووشی تاریك نین، ده‌سه‌ڵاتداری دادگه‌رو باشمان هه‌یه ده‌سه‌ڵاتداری سته‌مكاریشمان هه‌یه، ئێمه هه‌رگیز به‌پیرۆزی مامه‌ڵَه له‌گه‌ڵ مێژوو ناكه‌ین، مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ سیره پێغه‌مبه‌ر به‌پیرۆزی كردووه، به‌ڵام قورئان بۆخۆی پێمان ده‌ڵێت (عبس وتولی ان جا‌ءه الاعمی) هه‌روه‌ها پێمان ده‌ڵێت (فعصی آدم ربه فغوی) له‌سه‌ر زۆرێك له‌پێغه‌مبه‌ران شتێكی تۆماركردووه كه‌ده‌بوو نه‌یكردایه، به‌ڵام ئه‌م كاره تاوانی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه تائێمه به‌گوناهی بزانین ، پێغه‌مبه‌ران گوناه ناكه‌ن ، به‌ڵام شتێكیان له‌سه‌ر تۆمارده‌كات كه‌پێمان ده‌ڵێت ده‌یانتوانی شتێكی باشتر بكه‌ن‌و نه‌یانكرد، ئه‌مه فێری ئه‌وه‌مان ده‌كات به‌دیدێكی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه ته‌ماشای خۆمان بكه‌ین، گه‌وره‌یی كه‌سه‌كان نه‌بێته كۆسپ له‌به‌رده‌ممان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن. كه‌واته به‌رله‌هه‌موو كه‌سێك موسولمان داوای لێكراوه چاوبگێڕێته‌وه به‌ڕابردووی خۆیدا، نه‌ك هه‌ر مێژوو به‌پیرۆز نه‌زانێت به‌ڵكو هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ مێژوو بۆ كه‌سایه‌تیه‌كان بكات. كه‌سانێكمان هه‌یه شه‌یدایانه‌و عاشقانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مێژوو ده‌كه‌ن، مرۆڤی شه‌یداو عاشق هه‌رگیز شته‌كان وه‌ك خۆیان نابینێت، به‌ڵام بیرمه‌ندان له‌گه‌ڵ مێژوو شه‌یدایانه مامه‌ڵه‌ناكه‌ن لێكۆڵینه‌وه‌و شیكاری هه‌موو ڕووداوه مێژووییه‌كان ده‌كه‌ن وڕه‌خنه‌ش ده‌گرن. كۆی مێژووی ئیسلامی خوای گه‌وره بۆی كردووین به‌كتێبێك كه ئێمه په‌ندوئامۆژگاری لێوه‌ربگرین، بۆئه‌وه‌ی زانستیانه بیخوێنینه‌وه‌و بیكه‌ینه چرا بۆئه‌زمونه‌كانی ئه‌مڕۆ، جاله‌ڕاستیدا ئه‌مه نابێت بمانكێشێت بۆئه‌وه‌ی كاتێك ڕه‌خنه له‌مێژوو ده‌گرین به‌بێ مه‌نهه‌ج ڕه‌خنه‌بگرین ، چونكه زۆر له‌و ڕه‌خنانه نازانستی ونامه‌نهه‌جین .
به‌پێی مه‌نهه‌جێكی قورئانی وزانستی مێژوو ده‌خوێنینه‌وه، مرۆڤه‌كانی پێش خۆمان جگه له‌پێغه‌مبه‌ران به‌بێ‌گوناه ومه‌عسوم نازانین، كه‌واته ده‌توانین هه‌موو كه‌سه كۆن و تازه‌كان بخه‌ینه به‌رلێكدانه‌وه‌ی مێژووی به‌ڵام نه‌ك بۆ ناوزڕاندن‌و تۆمه‌تباركردن، چونكه ئێمه باوه‌ڕمان به‌وه هه‌یه ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌و دیوانێكی خودایی هه‌یه كه‌له‌هه‌موو كه‌سێك ده‌پرسێته‌وه .
ئه‌وه مه‌نهه‌جی ئه‌هلی سوننه‌و جه‌ماعه‌یه كه‌ئه‌گه‌ر باسی مێژووی سه‌حابیه‌كانیش بیكه‌ین بۆ ناشیرین كردن به‌دناوكردنیان نیه، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌یه ده‌رس له‌هه‌ڵوێسته‌كانیان وه‌ربگیرن ،به‌ڕێز وحورمه‌تیشه‌وه سه‌یریان ده‌كه‌ین چونكه ئه‌و حه‌ره‌كه مێژووییه به‌هه‌موو پێودانگێك حه‌ره‌كه‌تی كۆمه‌ڵێك مرۆڤه، به‌هه‌موو ئاڵۆزی‌و ویست نیاز‌و هه‌ستێكیانه‌وه.
 |