| هه‌ر تاکێکی کورد له هه‌رجێگه‌یه‌کی دونیا بیه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ کوردستان کێشه‌ی ئیش و کاری نابێت |
محمد سه‌ید جلال
ئه‌نته‌رڤیو: عومه‌ر عه‌لی
جالیه موسڵمانه‌کان زۆر ڕه‌ش بینن به‌رامبه‌ر داهاتوی منداڵه‌کانیان و ده‌ترسن له‌وه‌ی کۆنتڕۆڵیان به‌ده‌ستیانه‌وه نه‌مێنێت
به‌رپرس و کاربه‌ده‌سته‌کانی هه‌رێم و به‌رپرسه حیزبه‌کان کاره‌کانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووه و تائه‌وان و که‌سه نزیکه‌کانیان وه‌ستابن که‌سی تر کاری به شێوازێکی ساده ناڕوات
نیشته‌جێ بوونی ڕێژه‌یه‌کی زۆری ڕه‌وه‌ندی کوردی له هه‌نده‌ران جێگه‌ی تێڕامان و قسه‌کردنه له‌سه‌ری، ئایا ئه‌م ڕێژه زۆره به درێژای ته‌مه‌نیان هه‌ر له هه‌نده‌ران بن، ئایا حکوومه‌تی هه‌رێم توانای به‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی ئه‌و ڕێژه زۆره‌دا هه‌یه، کوردان به‌رنامه‌یان بۆ چێ داڕێژاوه حه‌زیان به‌لای کاملادا ده‌ڕوات و بۆچی ناگه‌ڕێنه‌وه؟ کێشه‌که ته‌نها داراییه وه‌یان سیاسی، تاچه‌ند کوردستان گۆڕانکاری به‌سه‌رداهاتووه‌و توانای هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێژه زۆره کورده‌ی هه‌یه، بۆ ئاشنا بوونی زیاترمان به باردودۆخی کوردستانه‌وه‌و به‌راورد کردنی له‌گه‌ڵ هه‌نده‌راندا پێمان باش بوو ڕووی خۆمان له به‌ڕێز م محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال بکه‌ین سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ی کوردی بوار که تازه له کوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه. ئه‌نته‌رڤیو: عومه‌ر عه‌ل عومه‌ر عه‌لی: دووری له ووڵات چ پێناسه‌یه‌کی لای به‌ڕێزتان هه‌یه؟ محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال: به‌داخه‌وه پێنوسه‌که‌ی ده‌ستم ناتوانێت گوزارشت له ناخم بکات و شتێك بێنێته بوون بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزت که دووری ووڵات ئه‌وه پێناسه‌یه‌تی و ئازاره‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌یه چونکه هه‌رشتیك بڵێم و بنوسم ناتوانم گوزارشت له ساتێك له ساته‌کانی بیرکردنه‌وه‌م بکه‌م کاتێ داده‌نیشتم به‌ته‌نها و ده‌که‌وتمه ناو بیرکردنه‌وه و دڵی خۆمم به‌وه خۆش ده‌کرد که له کوردستانم، له‌و کاتانه‌دا ئاواته‌خوازبووم که‌سێك نه‌دا له ده‌رگاکه‌م و به‌ئاگام نه‌کاته‌وه و نه‌مهێنێته‌وه ژیانی تاراوگه .. به‌ڵام ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم کوردستان جێگای له دایك بونمه و جێگای باوك و باپیرانمه و جێگای گه‌شه‌کردن و یاری منداڵی و به‌سه‌ربردنی گه‌نجی و قوناخه‌کانی خوێندنمه و هه‌رگیزاو هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه، (نۆ) ساڵه کوردستانم جێهێشتووه به لاشه به‌ڵام قه‌ده‌ری من له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م دونیایه بوبێ دڵم هه‌ر له کوردستان بووه و هه‌میشه ئاواتم بووه جارێکی تر بگه‌ڕێمه‌وه بۆ باوه‌شی نیشتیمانه خۆشه‌ویسته‌که‌م. عومه‌ر عه‌لی: دوای ساڵانێکی زۆر دابڕان له ووڵات و گه‌ڕانه‌وه‌و بینینی خاك و خزم و گه‌ڵ چ هه‌ستێك دروست ده‌کات؟ محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال: هه‌ستێکی زۆر جوان و پڕ له خۆشه‌ویستی بۆ دروست کردم ئه‌و کاته‌ی که یه‌که‌م هه‌نگاوم نایه‌وه ناو خاکی نیشتیمان له خۆشیاندا ده‌گریام تا چه‌ند ڕۆژێکیش وام ده‌زانی ئه‌م خه‌ونه من ده‌یبینم، چونکه شتێك نه‌مابوو له پێش چاوی من نه‌گۆڕابێت ته‌نانه‌ت له یه‌که‌م زاڵگه‌ی کوردستان له سه‌ر سنوری ئێران هه‌ڵسوکه‌وتێكی زۆر جوانم بینی له برا پێشمه‌رگه‌کان و ڕێزێکی زۆریان لێ گردم و له جێگای حه‌وانه‌وه‌ی خۆیان هێشتمیانه‌وه تاوه‌کو که‌س و کارم گه‌شتنه سنوور. عومه‌ر عه‌لی: لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌کانی هه‌نده‌ران چین؟ محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال: من نامه‌وێت به گشتی له سه‌ر ووڵاتانی هه‌نده‌ران بدوێم چونکه له نزیکه‌وه ئاگام له زۆربه‌یان نییه و تێیاندا نه ژیاوم، به‌ڵام بۆ خۆم دانیشتوی ووڵاتی به‌ریتانیام و به پشتیوانی خوا له سه‌ر ئه‌م ووه‌ڵاته وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزت ده‌ده‌مه‌وه، به‌ریتانیا یه‌کێکه له‌و ووڵاتانه‌ی که یاسا تیایدا سه‌روه‌ره‌و تاڕاده‌یه‌کی باش جیاوازی ناکه‌ن له به‌ینی بێگانه‌یه‌ك و که‌سێکی به‌ڕه‌گه‌ز به‌ریتانی له هیچ دام و ده‌زگایه‌کی وو‌ڵاتدا، لێره‌وه فه‌رمایشتێکی زانای پایه‌به‌رزی ئیسلام ( موحه‌مه‌د عه‌بده ) به‌نمونه ده‌هێنمه‌وه که ده‌ڵێت: ( چومه ووڵاتی بێ باوه‌ڕه‌کان ئیسلامم به‌دی کرد به‌بێ دین.. چومه ووڵاتی موسڵمانه‌کانیش دینم به‌دی کرد به‌بێ ئیسلام ) ئه‌م ووته‌ش ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێت که زۆربه‌ی ڕه‌وشته جوانه‌کانی ئیسلام به‌رجه‌سته ده‌که‌ن و به کردار پێی هه‌ڵده‌ستن، به‌ڵام به‌داخه‌وه موسوڵمان نین، له بواری ئاینیشه‌وه خه‌ڵك بۆخۆی ئازاده چ دینێكی هه‌یه‌و چی ده‌په‌ره‌ستێت ئه‌م خاڵه‌ش بۆ موسڵمانه‌کان زۆر باشه چونکه بانگخوازی ئیسلامی ئه‌گه‌ر دژایه‌تی نه‌کرێت و به‌ڕاستی بانگ خوازبێت و بۆ خوا هه‌وڵ بدات هیچ دین و به‌رنامه‌یه‌ك ناتوانێت به‌ره‌نگاری ئاینی پاكی ئیسلام بێته‌وه و کاریگه‌ریه‌کی باشیشی له سه‌ر کۆمه‌ڵگه‌که ده‌بێت، هه‌روه‌ك به‌ڕێزت کاك عومه‌ر عه‌لی له یه‌کێك له نوسینه‌کانتا ئاماژه به‌وه ده‌که‌ی که چوار په‌رستگای جیاواز له بیست مه‌ترا هه‌یه له شاری بیرمینگهام ئه‌وانه‌ش ( مزگه‌وتی نوره و ته‌مپڵی هیندێکان و کڵێسه‌ی گاوره‌کان و په‌رستگای بوزێکانه )، لێره‌وه ده‌ڵێم زۆر شتی ئه‌رێنی و جوانی تریان هه‌یه وه‌کو بواری زانست و زانیاری و قۆناغه‌کانی خوێندن و یارمه‌تی دانی که‌م ده‌رامه‌ت و په‌ککه‌وته‌و چه‌ندین لایه‌نی جوانی تریان هه‌یه ناکرێت ئێستا هه‌مووی باس بکرێت. به‌نیسبه‌ت به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌ی به‌ڕێزته‌وه که لایه‌نی نه‌رێنی هه‌نده‌ران چییه؟ کۆمه‌ڵێك لایه‌نی ناباشیان هه‌یه که خۆشیان لێی زویرن و بێتاقتن لێی، یه‌کێك له وانه لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تیان زۆر لاوازه‌و هیچیان به سه‌ر هیچه‌وه نه‌ماوه، بیرمه ئافره‌تێکی به‌ته‌مه‌ن له گه‌ڵماندابوو له یه‌کێك له کارگه‌کانی شاری لێسته‌ر ده‌یووت: جاران ئێمه شه‌مه‌و یه‌ك شه‌مان له ماڵی باوکمان کۆده‌بینه‌وه و خۆشك و براکانیشم هه‌مویان ده‌هاتنه‌وه و ژیانێکی زۆر خۆشمان به‌سه‌ر ده‌برد کاتێك دووشه‌مه ده‌هات ته‌مه‌نامان ده‌کرد شه‌مه بێته‌وه، من پرسیارم لێ کرد‌و ووتم ئه‌دی ئێستا؟ به‌دڵ شکاویه‌که‌وه ووتی ئێستا هیچ شتێك نه‌ماوه وه‌كو جاران ته‌نانه‌ت ده‌بێ شه‌مه‌و یه‌ك شه‌مه‌مه کانیش هه‌ندێ جار کار بکه‌ین چونکه ژیان زۆر قورس بووه. لایه‌نێکی نه‌رێنی تر ئه‌وه‌یه خه‌ڵك به‌گشتی و به‌تایبه‌ت جالیه موسڵمانه‌کان زۆر ڕه‌ش بینن به‌رامبه‌ر داهاتوی منداڵه‌کانیان و ده‌ترسن له‌وه‌ی کۆنتڕۆڵیان به‌ده‌ستیانه‌وه نه‌مێنێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ئازادییه‌ی که دراوه به‌منداڵ له‌م ووڵاتانه که له هه‌ژده ساڵیه‌وه خۆی به‌رپرسی ژیانی خۆیه‌تی و بڕیار له سه‌ر مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات لای دایك و باوكی یان به‌ته‌نها بژی، دیارده نه‌رێنێکانی تر زۆرن وه‌كو زۆری ماده هۆشبه‌ره‌کان و ناڵاندنی خه‌ڵك به‌ده‌ستی شه‌رابه‌وه.. . چه‌ندینی تریش. عومه‌ر عه‌لی: لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌کانی کوردستان چین؟ محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال: لایه‌نی ئه‌رێنی کوردستان زۆرن هه‌ندێك له‌وانه ئێستا لایه‌نی ئه‌منی تاڕاده‌یه‌کی باش سه‌قامگیره و هه‌وڵی باشترکردنیشی بۆ ده‌درێت، له‌ڕوی سیاسیه‌وه زۆر باشتر بووه، ئه‌و کاته‌ی ئێمه کوردستان‌مان به جێهێشت ته‌نها دوو حیزبه ده‌سه‌ڵات داره‌که زاڵ بوو، هیچ حیزبێکی تر نه‌یده‌توانی به ئاشکرا په‌یامی خۆی بگه‌یه‌نێت و بڵێت منیش هه‌م به تایبه‌ت حیزبه ئیسلامه‌کان، نمونه‌ش یه‌کگرتوو له دهۆك و کۆمه‌ڵ له زاڵگه‌ی هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵآم ئێستا به ئاشکرا هه‌ن و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ئه‌و ڕێچکه‌یه‌ی شکاند که ده‌یان ووت کورد ده‌بێ ته‌نها یه‌کێتی یان پارتی نوێنه‌ری بێت، چونکه ئه‌وان خه‌باتی شاخیان هه‌یه، باری ئابوری خه‌ڵکیش زۆر له جاران باشتر بووه ئه‌مه‌ش لایه‌نێکی ئه‌رێنی باشه، پێشتر خه‌ڵكی هه‌ژار و هێڵی ناوه‌ڕاست زۆر بوو، به‌ڵام ئێستا به هۆی کرانه‌وه‌ی کوردستان به ڕووی جیهان و هاتنی چه‌ندین کۆمپانیایی بیانی و دروست بونی چه‌ندین کۆمپانیای خۆماڵیه‌وه خه‌ڵکی ده‌وڵه‌مه‌ند به شێوازێکی نا ئاسایی زۆر زیادی کردووه، لایه‌نێکی تری ئه‌رێنی کوردستان که جێگای دڵخۆشیه ئه‌وه‌یه خه‌ڵکێکی زۆر ئێستا سه‌رقاڵی خۆێندنه و زۆرێك هه‌وڵی پله‌ی باشتر ده‌دات و ته‌نانه‌ت قوتابیه‌کی زۆر هه‌وڵی ماسته‌ر و دکتۆرا ده‌ده‌ن له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم هه‌ندێکیشیان وه‌رده‌گیرێن له زانکۆکانی جیهان. بۆ وه‌ڵامی به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌تان و لایه‌نی نه‌رێنی کوردستان؟ به‌داخه‌وه هێشتا له کوردستان هاوڵاتیان ده‌ناڵێنن به ده‌ست گه‌نده‌ڵیه‌وه و کۆمه‌ڵێكی که‌می خه‌ڵك که پێك هاتووه له به‌رپرس و کاربه‌ده‌سته‌کانی هه‌رێم و به‌رپرسه حیزبه‌کان کاره‌کانیان بۆ خۆیان قۆرخ کردووه و تائه‌وان و که‌سه نزیکه‌کانیان وه‌ستابن که‌سی تر کاری به شێوازێکی ساده ناڕوات، ڕاسته به هۆی بازاڕی ئازاده‌وه خه‌ڵکێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بووه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت تاوه‌کو ته‌لارو بیناکان زیاتر به‌رز ببنه‌وه خه‌ڵکێکی هه‌ژار و که‌م ده‌رامه‌تیش زیاتر هه‌ژار ده‌بن و قوتی ڕۆژێکیان پێ نامێنێت، نمونه‌ش ڕاپۆرته‌که‌ی کاك ئه‌رکان دارایه که له پێگه‌ی بوار بڵاوی کردۆته‌وه له سه‌ر پیاوێکی هه‌ژار به ناوی ڕه‌شید باجه‌ڵانه‌وه له گه‌رمیان دوای ململانێیه‌کی زۆر له گه‌ڵ هه‌ژاریدا نه‌یتوانی سه‌رکه‌وێت به‌سه‌ریدا به‌هۆی گرانی شتومه‌کی بازاڕه‌وه و ناچار بوو مان بگرێت هه‌تاوه‌کو مرد، عومه‌ر عه‌لی: به‌راورد کردنی هه‌ردوو خاڵه ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌کانی هه‌نده‌ران و کوردستان سه‌ره‌نجام کامیان خاڵی زیاتر ده‌هێنن؟ محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال: ڕاسته کوردستان هێشتا ووڵاتێکی کامڵ نییه و نه‌بۆته جێگای ئومێد به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ی مرۆڤ له هه‌ر جێگایه‌ك بێت دڵی هه‌ر لای خاك و نیشتیمانه‌که‌ی خۆیه‌تی و ڕێز‌و مه‌کانه‌تی له جێگای خۆی زیاتره وه‌کو پێشینانمان ده‌ڵێن ( به‌رد له شوێنی خۆی سه‌نگینه )، خاڵ گه‌لێکی زۆر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له کوردستان بژین هه‌ندێك له‌وانه: له کوردستان له داهاتوی منداڵه‌که‌ت ناترسی له ده‌ستت ده‌ربچێت ئه‌گه‌ر له ژێر چاودێری دایك و باوكدا بێت، هه‌روه‌ها له کاتی خۆشی و ناخۆشیدا له گه‌ڵ خۆشه‌ویسته‌کانتا ده‌بیت، کاتێ پیر ده‌بی ڕێزت لێ ده‌گیرێت و فڕێ نادرێته شوێنی به‌ساڵاچوانه‌وه، چه‌ندینی تریش.. . عومه‌ر عه‌لی: تا چه‌ند کوردستان پێشکه‌وتنی به‌خۆیه‌وه بینیووه؟ محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال: کوردستان پێشکه‌وتنێکی زۆری به خۆوه بینیوه هه‌ندێك له‌وانه ئێستا قونسوڵی چه‌ندین ووڵات کراوه‌ته‌وه له هه‌ولێری پایته‌خت و خاوه‌نی سێ فرۆکه خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیه، چه‌ندین ڕێكخرای مه‌ده‌نی دروست بووه بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك و چه‌ندین ڕۆژنامه‌و گۆڤار ڕۆژانه ده‌رده‌چێت و تاڕاده‌یه‌کی باش خه‌ڵك هوشیار ده‌که‌نه‌وه له گۆڕانکارێکان، له ڕووی بیناو ته‌لار سازیه‌وه کوردستان پێشکه‌وتنێکی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه، نمونه من بۆ خۆم کاتێك یه‌که‌م جار ڕۆشتمه ده‌ره‌وه له‌ماڵ شتێکم نه‌بینی نه گۆڕابێت جگه له ئاسمان، له ڕوی دام و ده‌زگاکانیشه‌وه پێشکه‌وتنێکی به‌رچاو هه‌یه کارمه‌نده‌کان کارده‌که‌ن بۆ خه‌ڵك ئه‌گه‌ر به‌رپرسی گه‌نده‌ڵ بێڵێت بۆ نمونه پێشتر له گه‌رمیان یه‌ك حاکم هه‌بوو ئێستا سێ دانه هه‌یه‌و فریاش ناکه‌وێت، پێشکه‌وتنێکی تر ئه‌وه‌یه که‌م ماڵ هه‌یه خانۆکه نه‌ڕوخاندبێت و سه‌رله‌نۆێ دروستی نه‌کردبێته‌وه، یان هیچ نه‌بی نۆێژه‌نی نه‌کردبێته‌وه، ناو شاره‌کان زۆر خۆش کراون و جێگای دڵخۆشین هه‌ندێکیشی له لایه‌ن که‌رتی تایبه‌ته‌وه ئه‌نجام دراوه. عومه‌ر عه‌لی: کاری کوردستان و هه‌نده‌ران چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی و هه‌له‌کان له چ لایه‌ك زیاترن؟ محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال: له ساڵه‌کانی نه‌وه‌دو سه‌ره‌تای دوو هه‌زاردا له به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان دوو ئابڵوقه‌ی ئابوری له سه‌ربوو گوزه‌رانی خه‌ڵك زۆر دژوار بوو، ئه‌و کات خه‌ڵك ڕوی له هه‌نده‌ران ده‌کرد، هۆی سه‌ره‌کیشی بۆ بژێوی ژیان بوو جگه له هه‌ندێك که‌سی که‌م نه‌بێت به‌هۆی کێشه‌ی سیاسیه‌وه ده‌هاتنه ده‌ره‌وه، له‌و کاتانه‌دا هه‌نده‌ران زۆر باش بوو هه‌لی کاریشی تێدا زۆر بوو، به‌ڵام ئێستا کوردستان هه‌لی کاری زۆره‌و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێ جێگادا خه‌ڵکی بیانی کارده‌کات له بری خه‌ڵکی کوردستان وه عه‌ره‌بێکی زۆریش هاتۆته کوردستان به‌مه‌به‌ستی کارکردن، بۆ نمونه من کاتێ له کوردستان بووم تێبینی شتێکم کرد ڕۆشتمه لای ده‌لاك و قه‌ساب و کوتاڵ فرۆش و پینه‌چی و فیته‌رو دوکانی ووشکه‌و کتێبخانه‌و ده‌رمانخانه‌و دکتۆر..... له‌لای هه‌ر هه‌موویان ده‌بوایه سه‌ره‌ت بگردایه، چه‌ند خۆله‌کێك ئه‌گینا هیچت به‌ده‌ست نه‌ده‌که‌وت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێت ئه‌گه‌ر که هه‌لی کار له کوردستاندا ئێستا زۆر باشه وه هه‌ر تاکێکی کورد له هه‌رجێگه‌یه‌کی دونیا بیه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه بۆ کوردستان کێشه‌ی ئیش و کاری نابێت. عومه‌ر عه‌لی: بۆچێ کوردان ناتوانن بڕیاری یه‌کجاره‌کی بده‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه؟ محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال: ئه‌وانه‌ی که خێزاندارن و منداڵیان هه‌یه و له قوتابخانه‌و کولێجن زۆر بۆیان قورسه به بێ پلان و به‌رنامه بگه‌رێنه‌وه بۆ کوردستان، چونکه ئه‌گه‌ر منداڵه‌کانیان ده‌ربهێنن و بیبه‌نه‌وه بۆ کوردستان ئه‌وا کورد واته‌نی ( له قه‌لیش ده‌بن و له کۆتریش ) واته خوێندنی هه‌ردوو لایان له ده‌ست ده‌چێت ئه‌مه خاڵێکی زۆر قورسه بۆ خێزانداره‌کان، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی که چه‌ند ساڵێکی زۆره لێره‌ن و نه‌یان توانیوه خێزان پێکه‌وه بنێن و شتێك بۆ خۆیان بکه‌ن له کوردستان به‌داخه‌وه ئێستا توشی بێ ئومێدی بونه و ناتوانن بڕیاری گه‌ڕانه‌وه بده‌ن. عومه‌ر عه‌لی: تاچه‌ند ده‌زگا حکوومه‌یه‌کان پێشکه‌وتنی به‌خۆیه‌وه بینووه؟ محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال: ده‌زگا حکوومیه‌کان له ڕووی بیناسازییه‌وه هه‌تا بڵێت پێشکه‌وتووه، وه فه‌رمانگه‌و بنکه‌کان زیاد کراون بۆ ئاسان کاری خه‌ڵك من بۆ خۆم چه‌ند جارێك ئیشم به ده‌زگاکان که‌وت ئه‌وه‌ی که من بینیم جێگای ڕێز بوو چونکه برا و خوشکه کارمه‌نده‌کان کاریان بۆ خه‌ڵك ده‌کرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که من و خه‌ڵكی بێزار ده‌کرد ئه‌وه‌بوو خه‌ڵکێك له سه‌ره‌دابوو چاوه‌ڕوانی ده‌کرد سه‌ره‌ی بێت و کاره‌که‌ی بۆ بکرێت ده‌مبینی پۆلیسێك یان کاربه‌ده‌ستێك یان کوڕه به‌رپرسێك ده‌هات و یه‌کێکی له گه‌ڵدابوو ده‌یبرده ژوره‌وه به‌بێ سه‌ره گرتن و بێ گوێدانه خه‌ڵك. عومه‌ر عه‌لی: دوا ووته‌تان چی یه بۆ کوردانی هه‌نده‌ران و کوردانی کوردستان؟ هیوای سه‌رکه‌وتن بۆ هه‌موو کوردێك ده‌خوازم ئیدی له کوردستان بێت یان له هه‌ر شوێنێکی دونیا بێت، دوا کارم له خوای په‌روه‌ردگار دڵمان جێگیر بکات له ووڵاتی خۆمان و بتوانین هه‌موومان به‌یه‌که‌وه خزمه‌تی خاك و گه‌لی خۆمان بکه‌ین.
پرۆفایڵ: محه‌مه‌د سه‌ید جه‌لال له دایك بووی ساڵی 1981 له شاری که‌لار
ئه‌نته‌رڤیو: عومه‌ر عه‌لی www.omarali.co.uk
بڵاوکردنه‌وه
ناردن
جاری خوێندراوه: 201 بۆچوونه‌کان (0)
![]() نووسینی بۆچوون
|


